Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 14:47

كێشه‌ی قه‌ره‌باڵغی و مانه‌وه‌ی گه‌شتیاران له‌ ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل چاره‌سه‌ر كرا

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م به‌رپرسانی هه‌ردوو لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیا له‌سه‌ر بابه‌تی دروستبوونی قه‌ره‌باڵغی و كێشه‌ی هاتن و چوونی گه‌شتیاران له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل كۆبوونه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بڕیار درا كه‌ ئیتر قه‌ره‌باڵغی و مانه‌وه‌ی گه‌شتیاران له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌مێنێت.

ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م بڵاوی كرده‌وه‌: دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا قەرەباڵغی و ترافیک لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل بۆ ئەو گەشتیارانە دروستببوو كه‌ ھاتن و چوونیان بۆ وڵاتی تورکیا و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دەکرد، حەمید عەلی سەرپەرشتیاری گشتیی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل پەیوەندی بە عوسمان بیلگین والی شه‌ڕناخ‌ کرد به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفته‌.

بڵاویشی كرده‌وه‌: لای خۆشییه‌وه‌ والی شه‌ڕناخ داواكه‌ی بە گرینگییەوە قبووڵ كرد و بریاری دا کە به‌ په‌له‌ لیژنەیەک لە بەرپرسەکانی پەیوەندیداری وڵاتی تورکیا پێک بهێنرێت و لەگەڵ شاندی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل کۆببنەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی كێشه‌كه‌.

ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: شاندی وڵاتی تورکیا كه‌ پێکھاتبوون لە ھەریەک له‌ جیھاد کوچ قایمقامی شه‌ڕناخ، ئەیھان جوشکونیر بەرێوەبەری گشتی دەروازەی نێودەوڵەتی خابوور، ئورھان گونگر بەرێوەبەری گومرکی خابوور، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل ئه‌نجام دا.

ئاماژه‌شی دا: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌نێوان هه‌ردوولا چەند بریارێک دەرکران تاکو ئیتر قەرەباڵغی لە دەرگه‌ سنوورییەکادا نەمێنێت، ھەر ئەمرۆش دەست بە جێبەجێکردنی بریارەکان کران و قەرەباڵغی بە شێوەیەکی بەرچاو له‌ ده‌روازه‌كه‌ کەم بووه‌وه‌‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ چاوەرێ دەکرێت بەمزووانە كێشه‌ی قه‌ره‌باڵغی گه‌شتیاران به‌ ته‌واوی له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل چارەسەر ببێت و نه‌مێنێت.

ھەروەھا بریاریش درا کە خاڵەکانی پشکنین و پەیوەندیی ھاتن و چوونی گەشتیاران لە هه‌رێمی كوردستان و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ وڵاتی توركیا زیاد بکرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.