Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 08:39

لە ژاپۆن بەھۆی بەفربارینی چڕەوە 17 کەس گیانیان لەدەست دا

کوردستان TV
100%


بەرپرسانی ئیدارەدانی کارەساتەکان لە ژاپۆن رایانگەیاند کە بەھۆی بەفربارینی چڕەوە لە ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە، 17کەس گیانیان لەدەستداوە و 93ی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشەییتد پرێس بڵاوی کردەوە کە ئاژانسی ئیدارەدانی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و کارەساتەکان لە ژاپۆن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ھەفتەی رابردووەوە، بەفربارینی چڕ ناوچەکانی باکووری ژاپۆنی گرتووەتەوە کە بەھۆیەوە تا ئێستا 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93ی دیکەیش برینداربوون.

راشیگەیاندووە کە ئەو کەسانە لە میانی راماڵینی بەفر لەسەر خانووەکانیان کەوتوونەتە خوارەوە بەھۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتییە شارەوانییەکان لەو ناوچانەی ژاپۆن کە بەھۆی بەفرەوە زیانیان بەرکەوتووە، داوایان لە ھاووڵاتییان کردووە کە لە کاتی راماڵینی بەفر لەسەر خانووەکانیان، ئاگاداربن و بەتەنھا کار نەکەن.

وەزارەتی ئابووریی و پیشەسازیی ژاپۆن رایگەیاندووە، دوێنێ یەکشەممە بەھۆی بەفربارینی چڕەوە، تاوەرێکی کارەبا لە باکووری ژاپۆن کەوتەخوارەوە کە بەھۆیەوە کارەبای 20 ھەزار ماڵ پچڕاوە.

ھەروەھا وەزارەتی گواستنەوەی ژاپۆن رایگەیاندووە کە بەھۆی بەفربارینی چڕەوە، گەشتە ئاسمانیی و وشکانییەکان لە باکووری ئەو وڵاتە ھەڵپەسێردراون، بەڵام لە دوێنێ یەکشەممەوە دەست بە پێشکەشکردنی خزمەتگوازرییەکان کراوەتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.