کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی 8 ملیار دینار و لە رێگەی 10 ئامێری تایبەت بە کاری هێڵکاری دابینکردووە و نزیکەی 100 دەستی کاری ناوخۆییشی بەکارخستووە بە ئامانجی بۆیاخکردنەوەی سەرجەم شەقام و جادەکان.
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هێڵكاری و بۆیاخكردنەوەی جارێكی تری شەقامەكان، بەشێكە لە پاكێجێكی فراوانی وەزارەتی ناوخۆ، كە كاركردنە لە پێناو كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ.
د.هێمن میرانی، ئاماژەشی بەوەدا کە ئەوەی لەو پڕۆسەیەدا نوێیە، لەمەودوا بەڕیوەبەرایەتییەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، خۆیان ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەدەبەن، كە پێشتر لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە بوو.
لەبارەی ئامادەكردنی ئامێر و پێداویستییەكانیشەوە د. هێمن میرانی دەڵێت: ئێستا بە نزیكەی ٥ ملیار دینار ئامێری هێڵكاری لە كۆمپانیایەكی بەناوبانگی ئەورووپی كڕدراون، ئەو ئامێرانە دوایین مۆدێلن، لە هەمانکاتدا بە بڕی 3 ملیار دیناریش بۆیاخ لە كۆمپانیایەكی دیكەی نێودەوڵەتی كڕدراوە و كارمەندی تایبەت بۆ لێخوڕینی ئەو ئامێرانە بۆ بۆیاخكردنی شەقامەكان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دامەزراون، واتا دەرفەتی كار بۆ ژمارەیەك گەنجی خۆماڵی درووستكراوە کە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای ئامێرەكان و بۆیاخەوە ڕاهێنانی پێویستیان وەرگرتووە و ئێستاش پڕۆسەكە لە هەولێر بەهۆی گونجاویی كەشوهەواوە دەستیپێكردووە، ئەگەرنا ئامادەكارییەكان بۆ ئەوەن لە بەهاردا لەسەر ئاستی كوردستان، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكان دەست بە بۆیاخكردنەوە و هێڵكاریی شەقام و جادەكان بكەن.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو كە، لەسەر ئاستی كوردستان، بەگوێرەی پێویستیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، كارمەند بەشێوەی گرێبەست دامەزراون و ڕاهێنانی پێویستیان وەرگرتوو بۆ ماوەی 1-2 هەفتە، تاكوو فێری بەكارهێنانی ئامێرەكان و بۆیاخكردن بن.
تیمەکانی ئەندازەی هاتووچۆ دەستیان بە هێلکاری شەقامەکان کردووە و لە بەهاری داهاتووش پڕۆسەکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و رۆژانەش 8 کاتژمێر بە بەردەوامی کاری بۆیاخ کردنەوە لە شەقام و رێگاکان دەکرێت.
لەبارەی جۆر و كوالێت و بەرهەمهێنانی ئەو بۆیاغەی بۆ ئەم مەبەستە بەكاردەهێنرێت، دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر، گوتی: "ئەو پرۆژەی ئێستا لەبەردەستی ئێمەیە و لەمەودوا لە ئەندازەی هاتووچۆ ئەنجامدەدرێت، لە دوو رووەوە زۆر سودی دەبێت، یەكەمیان لە رووی نرخەوە، كە جیاوازییەكی زۆری هەیە لەو نرخەی پێشووتر كۆمپانیاكان ئەنجامیان دەدا، هەروەها دووەمیان لەرووی كوالێتییەوەیە، كە ئەو بۆیاغە و ئەو كەرەستانەی بۆ درووستكردنی ئەو بۆیاغە بەكاری دەهێنین لە سەرچاوەیەكی دیار و باشەوەیە و ئەمەش واداكات تەمەنی بۆیاغەكە درێژتربێت.
هێلکاریکردنی شەقام و رێگاکان لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە کاریان لەسەر دەکرا، بەڵام ئێستا لە رێگەی دەستی کاری ناوخۆییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی کارەکان ئەنجام دەدات، هەر کیلۆمەترێک هێلکاریش لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە سێ ملیۆن و 600 هەزار دینار خەرجییەتی، بەڵام ئێستا حکومەت خۆی کارەکان دەکات و خەرجی هێلکاریکردن بە درێژایی یەک کیلۆمەتر کەمبووەتەوە بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار، ئەمەش بەشێکە لە هەنگاوی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پتەوکردنی ژێرخانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان.
سەرجەم شەقام و جادەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە هێلکارییان بۆ دەکرێتەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.