Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 15:24

له‌ پریمه‌رلیگ برێنتفۆردو تۆتنهام یه‌كسان بوون و ئارسناڵ و نیوكاسڵ و لیڤه‌رپولیش سه‌ركه‌وتنیان تۆماركرد

کوردستان TV
100%


دوای وه‌ستانی ڕكابه‌ریه‌كانی خولی ئینگلته‌را بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك مانگ و نیو به‌هۆی ململانێكانی مۆندیالی دووهه‌زاروبیست و دووی قه‌ته‌ر، یاریه‌كانی خوله‌كه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌ستیان پێكرده‌وه‌و له‌ ده‌ستپێكی هه‌فته‌ی حه‌ڤده‌می پرێمه‌رلیگ، یانه‌ی تۆتنهام بووه‌ میوانی یانه‌ی برێنتفۆرد، له‌ ئه‌نجامدا هه‌ردوو یانه‌ به‌ دوو گۆڵ بۆ هه‌ریه‌كه‌یان یه‌كسان بوون.
له‌ خوله‌كی پازده‌دا، ناوه‌ڕاستكاری ئه‌ڵمانی ڤیتالی جالێنت گۆڵێكی بۆ برێنتفۆرد تۆماركردو گێمی یه‌كه‌م به‌م تاكه‌ گۆڵه‌ به‌ سوودی تیپی میواندار ته‌واوبوو، له‌ گێمی دووه‌م و له‌ خوله‌كی په‌نجاوچواردا، یاریزان ئیڤان تۆنی گۆڵی دووه‌می برێنتفۆردی به‌ده‌ستهێناو تیپه‌كه‌ی به‌ دوو گۆڵ پێشخست.
 له‌به‌رامبه‌ریشدا، یاریزانانی تۆتنهام به‌م ئه‌نجامه‌ ڕازی نه‌بوون و له‌ خوله‌كی شه‌ستوپێنجدا، هاری كین ئه‌ستێره‌و گۆڵكاری سپێرز گۆڵی یه‌كه‌می تیپه‌كه‌ی به‌ لێدانی سه‌ر تۆماركردو جیاوازی گۆڵه‌كانی له‌ نێوان هه‌ردوو تیپ كه‌مكرده‌وه‌، دواتر یاریزانی دانیماركی، پیێر ئێمیل هۆبێرگ گۆڵی دووه‌م و به‌رامبه‌ری تۆتنهامی له‌ خوله‌كی حه‌فتاویه‌ك به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو تیپ یه‌كسان كرده‌وه‌.
 به‌م ئه‌نجامه‌ش كۆی خاڵه‌كانی تۆتنهام له‌ پله‌ی چواره‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان بۆ سیی خاڵ به‌رزبووه‌وه‌و برێنتفۆردیش به‌ بیست خاڵ له‌ پله‌ی ده‌یه‌می ڕیزبه‌ند دێت.

 
له‌ یاریه‌كی دیكه‌ی هه‌فته‌ی حه‌ڤده‌می خولی ئینگلته‌را، یانه‌ی ئارسناڵ میوانداری یانه‌ی وێستهام یونایتدی كردو یاریه‌كه‌ش له‌ یاریگای ئیمارات له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو، له‌ ئه‌نجامدا،یاریه‌كه‌ به‌ سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك به‌ سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی ئارسناڵ ته‌واو بوو .
 له‌ گێمی یه‌كه‌م و له‌ خوله‌كی بیست وحه‌وت یاریزان سه‌عید بن ره‌حمه‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ لێدانێكی سزا تاكه‌ گۆڵی یانه‌ی وێستهام یونایتدی تۆمار كرد و گێمی یه‌كه‌م به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر ته‌واو بوو.
له‌ گێمی دووه‌م و له‌ خوله‌كه‌كانی په‌نجاوسێ و په‌نجاو هه‌شت  ئارسناڵ له‌ ڕێی هه‌ردوو یاریزان بۆكایۆ ساكا گۆڵی یه‌كه‌م و گابریل مارتینیلی گۆلی دووه‌میان به‌ده‌ست هێنا ، له‌ خوله‌كی شه‌ستونۆ یاریزان ئیدوارد نیكیتیا گۆڵی سێیه‌می ئارسناڵی تۆماركرد و به‌م ئه‌نجامه‌ش یاریه‌كه‌ به‌ سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك به‌ سوودی یانه‌ی ئارسنال ته‌واو بوو و به‌م بردنه‌وه‌یه‌ی ئارسناڵ چل خالی هه‌یه‌ و له‌ پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی دێت ، وێستهام یونایتدیش چوارده‌ خاڵی هه‌یه‌و له‌ خانه‌ی شازده‌ دێت.
   
 
هه‌ر له‌ هه‌فته‌ی حه‌ڤده‌می خولی ئینگلته‌را، یانه‌ی نیوكاسل یونایتد سه‌ركه‌وتنێكی گرنگی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌ده‌ستهێناو به‌ سێ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌ یانه‌ی لیسته‌رسیتی میوانداری برده‌وه‌.
 یاریزانانی نیوكاسل به‌ شێوه‌یه‌كی به‌هێز ده‌ستیان به‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه‌ كردو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ چه‌ندین هێرشیان كرده‌ سه‌ر گۆڵی میوانداره‌كه‌یان، یه‌كێك له‌ هێرشه‌كانیش لێدانێكی سزای لێكه‌وته‌وه‌و له‌ جێبه‌جێ كردنی لێدانه‌كه‌دا، هێرشبه‌ری نیوزله‌ندی كریس وود گۆڵێكی بۆ نیوكاسل تۆماركرد، دوای چوار خوله‌كی دیكه‌ش، ناوه‌ڕاستكاری پاراگوایی، میگێل ئه‌لمیرۆن ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووه‌می میوانه‌كانی به‌ده‌ستهێنا، پاشان هێرشبه‌ری به‌ڕازیلی، جۆلینتۆن سوودی له‌ لێدانێكی كۆرنه‌ر وه‌رگرت و گۆڵی سێیه‌می نیوكاسلی له‌ خوله‌كی سیی و دوو به‌ لێدانی سه‌ر تۆماركردو گێمی یه‌كه‌م به‌م ئه‌نجامه‌ ته‌واوبوو.
 له‌ گێمی دووه‌میش ئه‌نجامی یاری گۆڕانكاری دیكه‌ی به‌خۆوه‌ نه‌بینی، به‌م بردنه‌وه‌ش نیوكاسل به‌ شێوه‌ی كاتی سه‌ركه‌وت بۆ پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان و كۆی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ سیی و سێ خاڵ، لیسته‌رسیتیش به‌ حه‌ڤده‌ خاڵ له‌ پله‌ی سێزده‌می ڕیزبه‌ند دێت -
 

 
یانه‌ی لیڤه‌رپولیش سه‌ركه‌وتنێكی گرنگی له‌ هه‌فته‌ی حه‌ڤده‌می خولی ئینگلته‌را به‌ده‌ستهێناو له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌ سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ یانه‌ی ئه‌ستۆن ڤیلای میوانداری برده‌وه‌.
 یاریه‌كه‌ له‌ یاریگای ڤیلا پارك له‌ شاری بێرمینگهام به‌ڕێوه‌چوو، یاریزانانی هه‌ردوو تیپ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌هێز ده‌ستیان به‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه‌ كرد، به‌ تایبه‌تی یاریزانانی لیڤه‌رپول كه‌ دوای تێپه‌ڕبوونی پێنج خوله‌ك به‌سه‌ر فیكه‌ی ده‌ستپێكی یاری، محه‌مه‌د سه‌ڵاحی میسری و ئه‌ستێره‌ی لیڤه‌رپول گۆڵێكی بۆ تیپه‌كه‌ی تۆماركرد، پاشان ڤیرگیل ڤان دایكی هۆڵه‌ندی گۆڵی دووه‌می ڕێدزی له‌ خوله‌كی سیی و حه‌وت به‌ده‌ستهێناو گێمی یه‌كه‌م به‌م دوو گۆڵه‌ به‌ سوودی میوانه‌كان ته‌واوبوو.
 له‌ گێمی دووه‌م و له‌ خوله‌كی په‌نجاونۆدا، یاریزان ئۆلی واتكینز گۆڵێكی بۆ ئه‌ستۆن ڤیلا تۆماركردو جیاوازی گۆڵه‌كانی له‌ نێوان هه‌ردوو تیپ كه‌مكرده‌وه‌، له‌ خوله‌كی هه‌شتاویه‌كیش، به‌رگریكاری لاوی ئیسپانی، ستێفان بایتیچ ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی سێیه‌م و دڵنیایی لیڤه‌رپولی به‌ده‌ستهێنا.
 به‌م ئه‌نجامه‌ش لیڤه‌رپول سێیه‌م یاری له‌سه‌ریه‌ك و حه‌وته‌مین یاری له‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ برده‌وه‌و سه‌ركه‌وت بۆ پله‌ی شه‌شه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان و كۆی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ بیست و پێنج خاڵ، ئه‌ستۆن ڤیلاش به‌ هه‌ژده‌ خاڵ له‌ پله‌ی دوازده‌می ڕیزبه‌ند دێت .
 
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.