Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 11:39

دوو بنکەی تەندروستی لە هەولێر دروست دەکرێن

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوو بنکەی تەندروستی لە گەڕەکەکانی سێبەردان و فەرمانبەران لە شاری هەولێر دروست دەکرێت و 200 هەزار کەس لێیەوە سوودمەند دەبن.

لە ڕاگەیەنراوێک فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و دروستکردنی بنکە و نەخۆشخانە بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی بۆ نەخۆشان، یەکێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند: لەو چوارچێوەیەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو بنکەی تەندروستی لە گەڕەکەکانی سێبەردان و فەرمانبەرانی هەولێر دروست دەکات، کە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بەخۆڕایی و بێبەرامبەر دەبن.

سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سەبارەت بە گوژمەی تەرخانکراوی پرۆژەکان، باسی لەوە کرد کە ''گوژمەی دروستکردنی بنکە تەندروستییەکان، ملیارێک و 319 ملیۆن و 940 هەزار دینارە و لەماوەی 380 ڕۆژدا تەواو دەکرێن.''

باسی لەوەش کرد کە ڕووبەری بنکەی تەندروستیی فەرمانبەران، 5 هەزار مەترە و پێکدێت لە هۆڵی چارەسەرکردن، ژووری تیشک، تاقیگە و دەرمانخانە، هەروەها ڕووبەری بنکەی تەندروستیی سێبەردان چوار هەزار و 237 مەترە و لە هۆڵی چارەسەرکردن، ژووری تیشک، تاقیگە، دەرمانخانە پێکدێت.

کارزان نیعمەت، بەڕێوەبەری ئەندازەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەبارەی پێکهاتەی بنکەکانەوە، ئاماژەی بەوە دا کە ''هەردوو بنکەکە لە جۆری (B)ـین و بەشێکی زۆری پێداویستییە پزیشکییەکانیان تێدا بەردەست دەبن.''

ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم دوو بنکە تەندروستییە سوودی بۆ نزیکەی 200 هەزار کەسی دانیشتووی گەرەکەکانی فەرمانبەران و سێبەردان دەبێت و لۆدی سەر نەخۆشخانەکانی ناوچەکەش کەم دەکاتەوە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.