Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 11:43

كچە یاریزانێکی شەترەنج لە پاڵەوانێتیه‌كی جیهانی پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات

کوردستان TV
100%

لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندەکانی ئێران، كچه‌ یاریزانی شەترەنج، سارا خادم ئەلشەریعە بەبێ سەرپۆش بەشداریی لە پاڵەوانێتی جیهانی یاری شەترەنج کرد کە لە وڵاتی کازاخستان رێكخرابوو.

بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵی "Ensafnews"، سارا خادم ئەلشەریعەی تەمەن 26 ساڵ، لە شاری ئالماتیی کازاخستان، بەبێ پۆشینی سەرپۆش بەشداریی پاڵەوانێتی جیهانی 2022ی شەترەنجی کرد.

بڕیارە سارا خادم ئەلشەریعە، لە میانی کێبڕکێکەی شاری ئالماتی، رووبەڕووی شەش یاریزان ببێتەوە.

- پشتیوانی کەسایەتییە ناودارەکان بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران

رۆژی 13ی ئەیلوول دوای ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیرشادی تارانه‌وه‌ بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن22 ساڵان رەوشی تەندروستی ته‌ندروستیی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی 16ی ئەیلوول ئه‌مینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. مه‌رگی مەهسا ئەمینی بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایه‌تی له‌ زۆربەی شارەکانی ئێران دژی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌.

تا ئێستاش لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

پێشتریش لە 16ی تشرینی یەکەمدا، یاریزانی هەڵگەڕان بەسەر دیوار، ئەلناز رەکابی بەبێ سەرپۆش بەشداریی لە پاڵەوانێتی بەدیواردا هەڵگەڕانی ئاسیای کرد کە لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، رێکخرابوو.

هەرچەندە رەکابی لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاویکردبوویەوە، ئەوەی خستبووەڕوو کە "بەبێ مەبەست" لە کاتی کێبڕکێکەدا سەرپۆشی لەسەر نەکردووە، بەڵام ئەم کارەی وەک پشتیوانییەک بۆ خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکی وەسف کرا و لە کاتی گەڕانەوەشیدا بۆ ئێران بە ئاپۆڕایەکی جەماوەریی پێشوازی لێکرا.

هەروەها یاریزانی خلیسکێنەی سەر زەوی لە تیمی هەڵبژاردەی ئێران، نیلوفەر مەردانی رۆژی شەشی تشرینی یەکەم بەبێ سەرپۆش بەشداریی ماراسۆنێکی کرد کە لە شاری ئیستانبوڵ رێکخرابوو.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەکتەری بەناوبانگی ئێرانی، تەرانە عەلیدۆستی رۆژی 10ی تشرینی دووەم، بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەران وێنەیەکی خۆی بەبێ سەرپۆش بڵاوکردەوە، هەفتەیەک دواتر عەلیدۆستی بە پاساوی پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکوومەتی وڵاتەکەی، بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست و هاندانی ناڕەزاییەکان، دەستگیر کرا.

کۆتاجاریش پەرمیدا قاسمی یەکێک لە یاریزانانی تیروکەوانی ئێران بەبێ سەرپۆش بەشداریی رێوڕەسمێکی دابەشکردنی خەڵاتی لە شاری تاران کرد، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.