هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر "هندرێن خۆشناو" ته‌نیا ئه‌مساڵ چه‌ندین پیشانگای تایبه‌تی كردۆته‌وه، هه‌روه‌ها به‌شداری چه‌ندین چالاكی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كردوه، توانیوه‌یه‌تی وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی دیاری كورد ، له‌رێگه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانییه‌وه،ئاستی هونه‌ری كوردی له بواری كاریكاتێر به جیهان بناسێنێت ، چه‌ندین خه‌ڵات و بڕوانامه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی پێبه‌خشراوه ، وه‌كو ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی بۆ ئاگادار بوون له كار‌و چالاكییه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بۆ ساڵی 2022 به‌چه‌ند پرسیار به‌سه‌رمان كرده‌وه:
*سه‌ره‌تا لێمان پرسی ئه‌مساڵ پێشانگای تایبه‌تیتان كردۆته‌وه؟
- به‌ڵی ئه‌مساڵ (٢) پێشانگای تایبه‌تی كاریكاتێریی و كارتۆنیم كرده‌وه، به‌مانه‌ش ژماره‌ی پێشانگای تایبه‌ته‌كانم له كاریكاتێر و كارتۆندا بوون به (٦) پێشانگای تایبه‌ت.
* ئه‌مساڵ له چه‌ندین چالاكی نێوده‌وڵه‌تی هونه‌ری به‌شداریتان كردووه؟
- له زۆرێك له چالاكییه هونه‌رییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌شداریم كردووه ئه‌مساڵ، ئه‌وه‌ی له‌بیرم بووبێت و یاداشتم كردبێت، له (38) فێستیڤاڵ و پێشانگای هاوبه‌ش و پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی به‌شداریم كردووه، (٢) پێشانگا له هیندستان، (٧) له میسر، (٥) له ئیتاڵیا، (٢) له مالیزیا، (٢) له رۆمانیا، (٢) له توركیا، و نه‌رویج، ئۆكرانیا، ئیسپانیا، ئیندونیسیا، پورتوگال، ئه‌ڵمانیا، كرواتیا، به‌ریتانیا، مۆنتینیگرۆ، فه‌ره‌نسا، مه‌كسیك، كۆلۆمبیا، قه‌ته‌ر، به‌رازیل، هه‌روه‌ها له (٣) پێشانگا له به‌غدا، و (٢) پێشانگاش له سلێمانی.
* شێوازی هونه‌ری پێشانگاكان چی بوون؟
- شێوازی هونه‌ری پێشانگاكان كاریكاتێر و كارتۆن و پۆرترێت و فۆتۆگراف بوون.
* چی وای لێكردووی بایه‌خ به به‌شداریكردن له‌م چالاكییه نێوده‌وڵه‌تیانه بده‌یت؟
- چه‌ند شتێك هه‌ن كه وایانلێكردم، كه بایه‌خ به‌م چالاكییانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و عیراق بده‌م، ئه‌ویش كه‌می ئه‌م چالاكیانه‌یه له نێوخۆی كوردستان و هه‌روه‌ها تا ڕاده‌یه‌ك عێراقیش، هه‌روه‌ها كه‌می ژماره و بچوكی گه‌له‌ری و هۆڵی نمایشكردن له شاره‌كانی كوردستان، و نه‌بوونی هاوكاری ماددی و مه‌عنه‌وی له‌لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان، هه‌روه‌ها ناسین و خۆپێناسین به هونه‌رمه‌ندانی جیهان، و ناساندنی هونه‌ری خۆشمان به جیهانه‌وه.
* ئایا هیچ خه‌ڵات و بڕوانامه‌یه‌كتان به‌ده‌ستهێناوه، له‌پای ئه‌م به‌شداركردنانه؟
- به‌ڵێ به‌ده‌یان خه‌ڵات و بڕوانامه و رێزلێنانم پێ به‌خشراوه.
* بێجگه له‌م به‌شداریكردنانه چالاكی نێوده‌وڵه‌تی تریشتان هه‌بوو ئه‌مساڵ؟
- به‌ڵێ بێجگه له‌م به‌شداریانه، به‌رده‌وام كاره‌كانم له گۆڤاره نێوده‌وڵه‌تیه تایبه‌ته‌كان به بواری كاریكاتێر و كارتۆن بڵاوده‌كه‌مه‌وه، وه‌كو گۆڤاره‌كانی (فرانس توونس) له فه‌ره‌نسا، و (پانزا ڤێردا) له ئه‌رجه‌نتین، (رۆسه‌م كارتونس) له مالیزیا، (ئیندیا توونس) له هیندستان، (سوپاپۆ) له به‌رازێل، و گۆڤاری (یه‌كێتی كارتونیستانی جیهان)، و چه‌ندین كاتالۆگی تایبه‌ت به كاریكاتێر.
* بۆچی له بڵاوكراوه ناوخۆییه‌كان كاره‌كانت بڵاوناكه‌یته‌وه؟
- ئه‌مه‌یان خه‌تای منی تێدانیه، خه‌تای ئه‌وانه، چونكه به شێوه‌یه‌كی گشتی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی كوردی، بایه‌خ به نووسین ده‌ده‌ن زیاتر، و نووسینیان پێ گرنگتره له وێنه و كاریكاتێر و كارتۆن، كاتێك كاریكاتێرێكیش بڵاوده‌كه‌نه‌وه، له لاپه‌ڕه‌كانی ئینته‌رنێت دایده‌به‌زێنن، به‌بێ ره‌زامه‌ندی خاوه‌نه‌كه‌ی، زۆرجار كاریكاتێری خۆمیان بڵاوكردۆته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگام لێی بێت، زۆرجاریش بیانوو به نه‌بوونی پاره ده‌هێننه‌وه، به‌داخه‌وه.
دیمانه –كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
هونه‌رمه‌ند هندرێن خۆشناو: رۆژنامه‌وانی كوردی زیاتر نووسینیان پێ گرنگتره له كاریكاتێر
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.