Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 21:28

لە ئەمریكا بەفربارین گەشتە ئاسمانی و وشكانییەكانی پەكخستووە

كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر ژیانی زیاتر لە 100 ملیۆن كەس
کوردستان TV
100%

ئەو شەپۆلەی بەفربارین كە بەشی زۆری ئەمریكای گرتووەتەوە، كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر ژیانی زیاتر لە 100 ملیۆن كەس و بەم هۆیەوە لە زۆر شوێنی وڵاتەكە گەشتە ئاسمانی و وشكانییەكان پەكیان كەوتووە.
بەپێی زانیارییەكانی كۆمپانیای "FlghtAware" كە چاودێری گەشتە ئاسمانییەكان لە ئەمریكا دەكات، بەهۆی نالەباری رەوشی كەشوهەواوە تەنها ئەمڕۆ لەناوخۆی ئەمریكا چوار هەزار و 756 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشێندراونەتەوە و لەم چوار رۆژەی دواییشدا، ژمارەی گەشتە ئاسمانییە هەڵوەشێندراوەكان گەیشتوونەتە نزیكەی 15 هەزار، هەروەها 12 هەزار و 134 گەشتی ئاسمانیش ئەمڕۆ بە دواخراوی ئەنجام دراون.
بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەم شەپۆلی سەرماسۆڵەیەی ویلایەتەكانی رۆژهەڵاتی ئەمریكای گرتووەتەوە، پێ دەچێت هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكان بەردەوام بێت.
لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاماژەیان بەوە داوە لە ئاكامی ئەم رووداوانەی هاتوچۆ كە بەهۆی نالەباری رەوشی كەشوهەواوە روویان داوە لە هەریەك لە ویلایەتی كانزاس سێ كەس و لە ویلایەتی كنتاكی سێ كەسی دیكە گیانیان لەدەست داوە، هەروەها بەهۆی خلیسكانەوە نۆ كەس لە ئۆهایۆ و یەك كەس لە میزوری گیانیان لەدەست داوە.
زۆربەی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدانیش لە قەزای ئەریە سەربە نیویۆرك بەهۆی دواكەوتنی هاتنی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، رەقبوونەوە لە سەرمان لەناو ئۆتۆمبێل و جەڵتەی دڵ بەهۆی سەرماوە روویان داوە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرك، كاسی هۆوكڵ بە میدیاكارانی راگەیاندووە لە ناوچەی بوفاڵۆ ژمارەیەكی ئێجگار زۆر ئۆتۆمبێل لە كاتی باهۆزەكەدا لەلایەن شۆفێرەكانیانەوە جێ هێڵدراون، گوتی: "تیمە پەیوەندیدارەكان بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ رزگاركردنی ئەو كەسانەی لەنێو ماڵ و ئۆتۆمبێلەكانیاندا گیریان خواردووە".
لە قەزای ئەریە بە ناوچەی بوفاڵۆیشەوە بەهۆی باهۆزەكەوە زیاتر لە 27 كەس گیانیان لەدەست داوە و ئاماژە بەوەیش دراوە كە ئەم باهۆزەكە لە باهۆزەكەی 1977 بەهێزترە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.