بە مەبەستی داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 12 لیژنەی دروست کردووە و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش ئاماژە بەوە دەکات کە كەس چەكەكەی لێوەرناگرێت و هەر هاووڵاتییەك دەچێتە ئەو لیژنانە چەكەكەی تۆماردەكات و دەیباتەوە ماڵەوە.
د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: 12 لیژنە درووستكراوە بۆ داماڵینی چەكی جەنگی، واتا ئەو خەڵكانەی چەكی جەنگییان هەیە دەبێت چەكەكانیان ڕادەستی ئەو لیژنانە بكەن. ئەنجومەنی وەزیران خەمڵاندنێك دەكات، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی ئەو چەكە ڕادەست دەكەن و 40 لیژنەش تۆماركراون بۆ تۆماركردنی چەكی ئاگرین (دەمانچە، كڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی). ئەو لیژنانەش دەستبەكاربوون و ئێمە دواتر لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وەزارەتی ناوخۆوە شوێنی لیژنەكان بڵاودەكەینەوە.''
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی:''خاڵێكی گرنگ هەیە، ئەویش ترسی هاووڵاتییە لەوەی كاتێك بچێت چەكەكەی لە یەكێك لەو لیژنانە تۆمار بكات، حكومەت دەزانێت ئەو كەسە چەكی بێمۆڵەتی هەیە و دەچێت لە ماڵەوە لێی وەردەگرێت. هەڵبەت لە یاسا و ڕێنماییەكان بە ڕوونی دیارە كە قۆناغی یەكەم تۆماركردنی چەكە، ئەوە هەوڵێكە بۆ دەستكەوتنی ئامارێك كە چەند پارچە چەك لە كۆمەڵگەی كوردستان هەیە. ئەگەر بە ڕێژەییش بێت. كاتێك چەكێك لە ماوەی یەك ساڵدا تۆمار دەكرێت، (لە تەمووزی 2022 تا تەمووزی 2023)، هەر هاووڵاتییەك دەچێتە ئەو لیژنانە چەكەكەی تۆماردەكات و دەیباتەوە ماڵەوە. كەس چەكەكەی لێوەرناگرێت، بەڵام داتای ئەو چەكە لای حكومەت هەیە و ئەگەر ئەو هاووڵاتییە لە دوای ئەو ساڵە داوای مۆڵەتی كرد، مۆڵەتی پێدەدەن، داوای مۆڵەتی نەكرد كەس چەكەكەی لێوەرناگرێت، بەو مەرجەی لە ڕێنماییەكە هاتووە چەكەكە بەكارنەهێنێت، نەیباتە دەرەوە، نەیفرۆشێت.''
د.هێمن میرانی دەڵێت: کە دەڵێین نەیفرۆشێت واتا بێ ئاگاداری ئەو دامەزراوەی كە بە هاوكاریی كەرتی تایبەت بە شێوەیەكی مۆدێرن درووستدەكرێت بۆ كڕین و فرۆشتنی چەك لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ، واتا كە مامەڵە بە چەك دەكرێت، ناكرێت لە كۆڵان و ئۆنلاین بێت، دەبێت لە شوێنێكی دیار و مۆدێرن بێت كە كۆنتڕۆڵكراو بێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات کە پەیامە ڕوونەكە بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە هیچ ترسیان نەبێت، سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردنی چەك بكەن، چەكەكانی خۆیان تۆماربكەن و وەریگرنەوە. لە زۆر وڵاتی دونیادا چەك لە ناو كۆمەڵگەدا هەیە، بەڵام گرنگە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. بۆنموونە لە سویسرا زۆرترین چەك هەیە، بەڵام ڕووداوێكی نەخوازراو و ڕەشەكوژی ڕووینەداوە. چەك بەكارناهێنرێت بۆ بەلاداخستنی كێشەكان. ئامانجی وەزارەتی ناوخۆش ڕێكخستن و تۆماركردن و مۆڵەتپێدانە و دەشڵێت:''ئێمە دواتر ڕێنمایی نوێ بۆ مۆڵەتی چەك بڵاودەكەینەوە.
د.هێمن میرانی داوا لە هاووڵاتیان و مامۆستایانی ئاینی دەکات كە هانی خەڵك بدەن پەنا بۆ یاسا ببەن كاتێك گرفتیان هەیە، نەك لە ڕێگەی توندوتیژی و چەكەوە چارەسەری بكەن. زۆرجار كێشەی زۆر بچووك لە گەڕەكەكان بەهۆی بەكارهێنانی چەكەوە دەبێتە كێشەی گەورە. چەك بۆ پاراستنی هەمووان و وڵات پێویستە لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەك لە دەستی خەڵكدا بێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ: پێویستە هاووڵاتیان چەکەکانیان لای حکومەت تۆمار بکرێن
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.