Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 21:36

چه‌ند ڕێنماییه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ی هه‌ڵوه‌رینی قژیان هه‌یه‌

کوردستان TV
100%

له‌ڕووی پزیشكییه‌وه‌ هه‌ڵوه‌رینی رۆژانه‌ی 50 تا 100 تاڵه‌مووی قژ شتێكی ئاسایی و نۆڕماڵه‌، به‌ڵام زیاتر له‌مه‌ به‌ نه‌خۆشی داده‌نرێت و پێویسته‌ به‌ زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت.

ملیۆنان پیاو و ئافره‌ت ئێستا له‌ جیهان كێشه‌ی هه‌ڵوه‌رینی قژیان هه‌یه‌ و به‌دوای چاره‌سه‌رێك ده‌گه‌ڕێن بۆ ڕاوه‌ستانی هه‌ڵوه‌رینی قژیان.

دكتۆر نووشین چۆدری كه‌ پزیشكێكی پسپۆڕی پێسته‌ و ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ تۆژینه‌وه‌ له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی هه‌ڵوه‌رینی قژ ده‌كات، چه‌ند ئامۆژگارییه‌كی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ كێشه‌ی هه‌ڵوه‌رینی قژیان هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:-

چه‌ندجار شۆرینی قژ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا

دكتۆر چۆدری سه‌باره‌ت به‌ سه‌ر و قژ شۆرین له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ده‌ڵێت: باشتره‌ هه‌موو كه‌س هه‌فتانه‌ دوو یان سێ جار قژیان بشۆرن، ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی قژیان وشك یاخود لووله‌، ده‌كرێت كه‌مێك له‌م ڕێژه‌یه‌ هه‌فتانه‌ قژیان بشۆرن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر له‌ هه‌فته‌یه‌كدا كه‌متر له‌و دوو ڕێژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ قژ بشۆرێت، ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆكاری چه‌وربوون و پیسبوونی قژ كه‌ ئه‌مه‌ش داخستنی كونیلكه‌كانی پێستی سه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ هه‌ڵوه‌رینی زیاتری قژ.

ئه‌و ده‌ڵێت:‌ پاكڕاگرتنی پێستی سه‌ر گرینگترین كاره‌ كه‌ هاووڵاتییان ئه‌نجامی بده‌ن تا كونیلكه‌كانی سه‌ر به‌هۆی چه‌ورییه‌وه‌ نه‌گیرێن و به‌هۆیه‌وه‌ ببێته‌ هۆی زیادبوونی هه‌ڵوه‌رینی قژ.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات: زیاده‌ڕه‌وی و شۆردنی چه‌ندجاره‌ی رۆژانه‌ی قژ،‌ به‌هه‌مانشێوه‌ زیانبه‌خشه‌ و ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی هه‌ڵوه‌رینی قژ.

هه‌روه‌ها داواش ده‌كات كه‌ خۆ به‌دووربگرن له‌ به‌كارهێنانی ئامێری وشككردنه‌وه‌ی كاره‌بایی (مجه‌فه‌) كه‌ ڕاسته‌وخۆ زیانێكی گه‌وره‌ به‌ پێستی سه‌ر و قژ ده‌گه‌یه‌نێ و هۆكارێكه‌ بۆ زیادبوونی هه‌ڵوه‌رینی قژ.

دكتۆر نووشین چۆدری هه‌روه‌ها چه‌ند هۆكارێكی تریش دیاری ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌بنه‌ هۆكار بۆ هه‌ڵوه‌رینی زیاتری قژ، ئه‌وانیش بریتین له‌:-

- زۆر ڕه‌نگكردنی قژ

- به‌كارهێنانی ئاوی گه‌رم له‌ كاتی سه‌رشۆریندا

- شێوازی ناته‌ندروستی داهێنانی قژ

- به‌كارهێنانی ئامێر بۆ ڕاكێشانی قژ

- زۆر به‌ركه‌وتنی خۆر

- نه‌شۆرنی قژ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر

- نه‌خۆشییه‌كانی پێستی سه‌ر وه‌ك هه‌وكردن و خوران

- خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قژی ته‌ڕ

- ناڕێكی له‌ خواردنی ژه‌مه‌كان و كه‌می مادده‌ خۆراكییه‌ سه‌ره‌كی و پێویستییه‌كان

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.