Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 18:57

مسته‌فا كازمی بێده‌نگی شكاند و هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلاری ئاشكرا كرد

کوردستان TV
100%

سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك بێده‌نگی شكاند و چه‌ند زانیارییه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ خسته‌ڕوو كه‌ خراوه‌ته‌ پاڵ خۆی و حكوومه‌ته‌كه‌ی، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلاریشی ئاشكرا كرد.

مسته‌فا كازمی له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: له ماوه‌ی ڕابردوودا باس له‌ هه‌ندێ پێشێلكاری‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانیمدا ئه‌نجامدراون‌، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕای گشتی بخه‌مه‌ڕوو.

سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا چه‌ند خاڵێكی خستۆته‌ڕوو كه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:-

1- له‌ ماوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانیمدا گرینگییه‌كی تایبه‌تمان داوه‌ به‌ پرسی مافه‌كانی مرۆڤ وه‌ك به‌رپرسیاره‌تییه‌كی نیشتمانی و به‌بێ ئه‌نجامدانی هیچ سه‌رپێچییه‌ك له‌ پێش‌ و كات و دوای ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش.

2- له‌ ساڵی 2020 له‌سه‌ر داوای هاووڵاتییان، لیژنه‌یه‌كی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیمان دامه‌زراند، لیژنه‌كه‌ش سه‌رجه‌م كاره‌كانی به‌ بڕیاری دادگا ئه‌نجامداوه‌ و هیچ بڕیارێكی ده‌ستگیركردنیش ده‌رنه‌كراوه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و به‌ بڕیاری دادوه‌ری تایبه‌تمه‌ند نه‌بێت، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ به‌گوێره‌ی یاسا ئه‌نجامدران و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش لیژنه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له‌ نه‌هێشتن و سنوورداركردنی گه‌نده‌ڵی له‌ داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت به‌ده‌ستهێنابوو.

3- لیژنه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن داموده‌زگا چاودێرییه‌كانه‌وه‌ چاودێری ده‌كرا و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ داواكاری گشتی له‌ ساڵی 2021 ڕاپۆرتێكی پوختی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ركرد، بێگومان قسه‌كردن له‌سه‌ر بوونی سه‌رپێچیش ده‌بێت به‌ڵگه‌ی ڕوون و یاسایی بێت كه‌ ئه‌مه‌ش بوونی نه‌بووه‌‌.

4- سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی دارایی، ئێمه‌ به‌ ئاشكرا و فه‌رمی له‌ كاتی خۆیدا باسمان له‌م بابه‌ته‌ كردبوو و هه‌وڵێكی زۆریشمان دابوو بۆ ڕێگریكردن لێی و هه‌روه‌ها لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌شمان له‌سه‌ر دروستكردبوو، سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ و نووسراوی فه‌رمیشمان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵكاران پێشكه‌شی لایه‌نی په‌یوه‌نداره‌ یاساییه‌كان كردبوو، ئاواته‌خوازیشم لیژنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن و‌ تا كۆتایی له‌سه‌ر كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن و سه‌رجه‌م ڕاستییه‌كانیش بۆ ڕای گشتی بخه‌نه‌ڕوو و له‌ كۆتاییشدا پاره‌ دزراوه‌كانی میلـله‌ت بگه‌ڕێننه‌وه‌.

5- سه‌باره‌ت به‌ گرانبوونی نرخی دۆلار و دراوی بیانیش، پێشتر جه‌ختمان له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان كه‌رتی گشتی و داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت كردبووه‌وه‌، بێگومان پاراستنی هاووڵاتییان و سه‌قامگیری ژیانیان وه‌ك به‌رپرسیاره‌تییه‌كی نیشتمانی و ئه‌خلاقی و مرۆڤایه‌تی واجبه‌ له‌سه‌ر هه‌موومان، لێره‌وه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان ده‌كه‌م هه‌وڵی جێگیركردنی نرخی دۆلار و دراوی بیانی بده‌ن و هه‌روه‌ها سنوورێكیش بۆ ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌ی ئێستای دراو دابنێن و ڕێگری له‌ هه‌ر به‌قاچاخبردنێكی دۆلار و دراوی بیانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌ بده‌ن.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا داواشی له‌ حكوومه‌تی نوێ كرد به‌ كار و به‌رپرسیارێتییه‌ نیشتمانییه‌كان هه‌ڵبستێ و هه‌روه‌ها ڕێكخراو و داموده‌زگاكانی تایبه‌تمه‌ند به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و ته‌واوی هاووڵاتییانیش چاودێری هه‌ر سه‌رپێچی و گه‌نده‌ڵییه‌ك بكه‌ن ئه‌گه‌ر بوونی هه‌بێت، به‌دڵنیاییشه‌وه‌ پشتگیری له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێكی باش و پڕۆژه‌ و پێشكه‌شكردنی هه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ك ده‌كه‌م كه‌ پێشكه‌شی هاووڵاتییان بكرێ.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.