ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردۆتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە جێگری پارێزگار هیچ لێدوانێکی بۆ کەناڵی NRT نەداوە.
لەڕوونکردنەوەیەکدا ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دواى ئەوەى هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر، لە دیمانەیەکدا، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیى لە سەرى ساڵ و خستنەڕووى ڕێنماییەکان و هاتنى گەشتیاران بۆ یەکێک لە کەناڵە کوردییەکان لێدوانى داوە و باسى لە بڕیارێکى پارێزگاى هەولێر کردووە کە لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیەکانى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و گەشتوگوزارى هەولێر هۆشدارى بە ڕێستورانت و کافێکان دراوە کە شوێنى خێزانین و لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک لایف موزیکیان هەیە "دەبێت گۆرانى کوردى پێشکەش بکرێت"، لەلایەن کەناڵى NRT و چەند پەیج و ئەکاونتێکى بێ خاوەن و گوێ لەمست، کە تەنها مەبەستیان کۆکردنەوەى لایک و کۆمێنتە، دوور لە هەموو بەرپرسیاریەتی و ڕەوشتێکى کارى ڕاگەیاندن و ئیتیکى ڕۆژنامەوانى، لێدوانەکەیان شێواندووە و بەشێوەیەکى تر بڵاویانکردۆتەوە.
ڕاشیگەیاند: ئەمە لەکاتێکدا کە جێگرى پارێزگارى هەولێر بە هیچ شێوەیەک لێدوانى بۆ ئەوان نەداوە.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە “بە پێویستى دەزانین بە هەموو لایەکى ڕابگەێنین هەموو ئەوانەى بەناوى بەڕێز جێگرى پارێزگارى هەولێر و لەسەر زارى ئەو بڵاو کراوەتەوە، دوورن لە ڕاستى و مەبەست لێى تەنیا و تەنیا بە لاڕێبردنى هاووڵاتییان و پەخشکردنى چەواشەکارییە، کە ئەمەش مەبەست و ئامانج و پیشەى سەرەکى ئەوانە.”
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.