تاوەكوو ئێستا چوار كاروان ئاوی تەماتەی كوردستان گەیشتۆتە بەریتانیا و بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا كاروانێكی تریش بگاتە بازاڕەكانی ئەو وڵاتە.
جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری كارگەی ئاوی تەماتەی شارەزوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: دەستمان كردووە بە هەناردەكردنی ئاوی تەماتە ( دۆشاوی تەماتە) بۆ بازاڕی وڵاتی بەریتانیا و تاوەكوو ئێستا چوار كاروانمان ناردووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا كاروانێكی تریش بگەیەنینە بازاڕەكانی بەریتانیا.
هەروەها گوتی: لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە پشكنین بۆ بەرهەمەكەمان كراوە بە كوالێتییەكی باشی جیهانی قبووڵ كراوە، داوایان لێ كردووین ڕێژەكەی زیاد بكەین و بەردەوام بین لەگەڵیان، ئاوی تەماتەكە بەرهەمی ناوخۆی كوردستانە و ئێستا هێمای بازرگانیی كۆمپانیاكانمان بۆ هاتووە و گرێبەستیان لەگەڵ دەكەین و باركۆدی لێ دەدەین.
گوتیشی: داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هاوكارمان بێت تاكوو بتوانین زیاتر بازاڕی دەرەوە بۆ بەرهەمەكەمان بدۆزینەوە كە دەبیتە هەنگاوێكی گەورە بۆ كشتوكاڵی تەماتە و كارگەی ئاوی تەماتە.
شایانی باسە كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور توانای هەیە ڕۆژانە پێنج هەزار كارتۆن ئاوی تەماتە بەرهەم بهێنێت بە كوالێتیی ستاندارد و هەر كارتۆنی 12 قوتووی تێدایە و هەر قوتووی 800 گرامە و لە دوو مانگی داهاتووشدا هەناردەكردن زیاد دەكەن.
كابینەی نۆ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی لە هەنگاوەكانی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی دارایی و گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵی بەردەوامە و لە دوای هەناردەكردنی هەنار و چەند بەرهەمێكی تری باخداری و كشتوكاڵیی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئێستا بەرهەمی ئاوی تەماتەی كارگەی شارەزوور هەناردەی دەرەوە دەكرێت.
چوار كاروان دۆشاوی تەماتەی كوردستان گەیشتۆتە بەریتانیا.. بە كوالێتییەكی باشی جیهانی قبووڵكراوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.