ئهمشهو پێنجشهم ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و گەشتیاران و سەری ساڵی نوێ، سەردانی سەنتەری شار و نێو بازاڕی هەولێری کرد.
پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی لە نزیکەوە لە چۆنیەتی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و گەشتیاران و ڕازاندنەوەی سەنتەری شار و نێو بازاڕی پایتەختی کۆڵییەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لە هەموو ئامادەکارییەکی هێزە ئەمنییەكان لە (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) کردەوە کە لە سەرجەم شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگایانەی كە هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێ دەکەن ئەرکیان بەسەردا دابەشکراوە و هەرکەسێک یاساشکێنی بکات ئیجرائاتی پێویستی دەرهەق ئەنجام دەدرێت.
هەروەها تیشکی خستەسەر ئامادەباشی بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر و ئاسایشى بازگەکان بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى میوانان و گەشتیاران کە ساڵانە بە بۆنەی سەری ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن.
داواشی لە هاوڵاتییان کرد هاوکاربن و ڕایگەیاند "ئەوەی کراوە لەپێناو هاووڵاتییان و بە سەربردنی چەند ساتێکی خۆش بۆ پێشوازیکردن لەساڵی نوێ کراوە، بۆیە داواکارین لەو شوێنە گشتیی و جێگایانەی کە گردبوونەوەی تێدا ئەنجام دەدرێت یەکەم/ پارێزگاری لە پاراستنی ژینگە بکەن و دووەم/ یاسا بپارێزن".
لەکۆتایشدا ئومێد خۆشناو گوتی "بە هیواین وەک چۆن ساڵی 2022 کە ئەگەرچی چەند حاڵەتێکی ناخۆش ڕووی دا، بەڵام ساڵێکی پڕبوو لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان، ساڵی ئایندەش ساڵی خۆشگوزەرانی بێت بۆ هەموولایەک بە تایبەتی پایتەختی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەک تیمی حکوومەت بتوانین باشتر و زیاتر خزمەتی هاونیشتمانیان بکەین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.