Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 22:49

پڕۆژەیەکی گرنگ لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە جێبەجێ دەکات کە بە گرنگترین پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دادەنرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێزیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا، گرنگترین پڕۆژەی ستراتیژیی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، جێبەجێ دەکرێت.

ڕاشیگەیاند: پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، کە ئیدارەی ڕاپەڕین بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە، دەبێتە درێژترین پردی ناوچەکە و لە ماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا، تەواو دەکرێت.

هیوا عەبدوڵڵا، ئەندازیاری پرۆژەی دەربەندی ڕانیە، لەبارەی گرنگیی پڕۆژەکە، باسی لەوە کرد کە "پڕۆژەکە، یەکێکە لە پڕۆژە بەردەوام و ستراتیژییەکانی حکوومەت لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەویش بە خاسیەتی ئەوەی یەکەمجارە کە پرۆژەیەکی هاوشێوە لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت."

سەبارەت بە کارکردن و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، هیوا عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد کە ''لەدوای وەستانی پڕۆژەکە بۆ ماوەیەک، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕەپارەیەکی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە تەرخان کرد و بەمەش کارکردن لە پرۆژەکە دەستی پێ کردەوە، ئەگەر تووشی قەیرانی دارایی نەبینەوە، لەماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا، پڕۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت شوفێران و هاووڵاتییان."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە داوە کە "تاوەکو ئێستا 60%ـی پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە تەواو بووە و کارکردنیش بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لەکاتی خۆیدا، بەردەوامە.

هیمداد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، لەبارەی پێکهاتەی پڕۆژەکەوە گوتی: درێژیی پردەکە 408 مەترە و بەرزییەکەشی 21 مەترە. لە دوو ئاراستەی چوون و هاتن پێکهاتووە کە پانیی هەر ئاراستەیەک 5 مەتر و نیوە، ئەمە جگە لەوەی پایەڵەکانی پردەکە 12 مەتر لەژێر زەوییەوەن."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەبارەت بە گوژمەی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە داوە کە "گوژمەی دروستکردنی پردی دەربەندی ڕانیە، 12 ملیار و 416 ملیۆن دینارە و پێشتر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەردی بناغەکەی دانراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.