دەزگای ئاسایشی عێراق ئەمڕۆ هەینی 30ـی 12ـی 2022 وردەکاریی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی گەورەترین بەقاچاخبردنی نەوت لە بەسرە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بەشێکی لە تۆمەتباران ئەفسەر و پلەداری دەزگا ئەمنییەکانن.
ئەرشەد حەکیم گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند: پڕۆسەی قاچاخچێتی نەوتی بەسرە بە سێ قۆناغ لەڕێگەی ئەفسەرانی پەیوەندیدار، ڕێکخەر، بەناو نوێنەر و قاچاخچییەکانەوە ئەنجام دراوە، کە ئەو ئەفسەرانە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی قاچاخچییەکانیان لە کاتی دەرهێنانی نەوت و جوڵەی تانکەرەکانی نەوتییان لەئەستۆ گرتبوو.
ڕاشیگەیاند: تەنیا لە شەوێکدا 36 بۆ 40 هەزار لیتر لە ڕێگەی 20 بۆ 30 تانکەر نەوت کە بە بڕی 490 ملیۆن دینار پێشبینی دەکرێت، بەقاچاخ براوە.
ئەرشەد حەکیم باسی لەوەش کرد کە پڕۆسەی بەقاچاخبردنەکە بۆ ماوەی مانگێکی تەواو بەردەوام بووە، دواتر هەمان ئەو هێزەی بەشداربووە لە قاچاخچێتییەکە ڕاپۆرتی پێشێلکاری داوە و دایخستووە، پاشان جارێکی دیکە لە شوێنێکی نوێدا دەستی پێ کردووەتەوە.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، تۆمەتباران ژمارەیان 49 کەسە، لەنێویاندا ئەفسەر و پلەداری ئەمنی و بازرگانانی تێدایە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند ڕۆژێک دوای پێکهێنانی حکوومەتەکەی، دەستگیرکردنی گەورەترین تۆڕی قاچاخچێتی نەوتی لە باشووری پارێزگای بەسرە ڕاگەیاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.