Erbil 38°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 20:38

پانۆڕامای گرنگترین رووداوەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022

کوردستان TV
100%

لە میانی ساڵی 2022دا، ژمارەیەك رووداو لە هەرێمی كوردستان روویاندا كە هەندێكیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەندێكیشیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاریگەری و كاردانەوەی جیاجیای لێكەوتەوە.
ڕۆژی 16ی كانونی دووەم، شەپۆلێكی بەفربارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، بەهۆی نزمبونەوەی پلەكانی گەرماوە چەند ڕۆژێك كرایە پشوو .
رۆژی 25ی كانوونی دووەم، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بە سەردانێكی یەك رۆژە گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات و لەگەڵ جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی باڵای ھێزە چەكدارەكانی ئیمارات، محەمەد بن زاید كۆبووەوە و پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.
رۆژی 15ی شوبات سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی لەسەر بانگھێشتی فەرمی میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی سەردانی دۆحەی كرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
رۆژی 18ی شوبات هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسی ئاسایشی میونخ-دا لەگەڵ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس كۆبوونەوە و ھەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە داعش ھێشتا مەترسییەكی جیددی و راستەقینەیە و لە عێراق و سووریادا ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی دەكات.
رۆژی 24ی شوبات سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، و بڕیاری دا لە رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی 2022 پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئادار، ھێرشێكی مووشەكیی كرایە سەر ھەولێر و لەو ھێرشەدا، ماڵی بەڕێوەبەری كۆمپانیای كار، شێخ باز بەرزنجی كرایە ئامانج و دواتر سوپای پاسداران بەرپرسیارییەتی ھێرشەكەی لە ئەستۆگرت.
رۆژی 14ی ئاداری 2022 سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە مەبەستی سەردانیكردنی شوێنی بۆردومانەكەی هەولێر سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی كۆبووەوە و و دواتر سەردانی شوێنی بۆردومانەكەیان كرد.
لە میانی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی جیھانیی وزە كە لە رۆژانی 27-28ی ئادار لە شاری ئەبوزەبی بەڕێوەچوو، چەندین بەرپرس و شارەزایانی بواری وزە تیایدا بەشداربوون و سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی یەكێك بوو لە قسەكارە سەرەكییەكانی كۆڕبەندەكە.
رۆژی یەكی ئایار هێرشێكی مووشەكیی بۆسەر پاڵاوگەی كەورگۆسك لە قەزای خەبات رۆژئاوای پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.
رۆژی 21 ی ئایار سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیھانیی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێكەوت و لەوێ چەندین دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەنجام دا.
رۆژی 26ی حوزەیران ھێرشێك كرایە سەر ژێرخانی گشتیی و دامەزراوەكانی نەوت و غاز لە ھەرێمی كوردستان.
رۆژی 30 حوزەیران، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی فەرمانییدا بە داخستنی سەرجەم شوێنەكانی فرۆشتنی چەك لە هەرێمی كوردستان.
رۆژی 28ی ئەیلوول ئێران لە رێگای مووشەك و درۆنەوە هێرشی كردە سەر حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە قەزای كۆیە سەربە پارێزگای هەولێر، ناحیەی پردێی سەربە پارێزگای كەركووك و گوندی زڕگوێز لە ناحیەی تانجەڕۆ سەربە پارێزگای سلێمانی كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر قوربانی كەوتەوە و هەندێك لە شوێنەكانیش بەتەواوی خاپووربوون.
رۆژی حەوتی تشرینی یەكەم 2022 لە گەڕەكی سەربەستی شاری ھەولێر لە رێگای بۆمبی لكێنراوەوە بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە، عەقید ھاوكار جاف كرایە ئامانج و لە ئەنجامدا خۆی گیانی لەدەست دا و چەند كەسێكی خێزانەكەشی برینداربوون.
رۆژی نۆی تشرینی یەكەم، پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تا كۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە كە دەبێتە كۆتایی ساڵی 2023، درێژكردەوە .
رۆژی 28ی تشرینی یەكەم كابینەی حكوومەتی  عێراقی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی پێدرا.
رۆژی سێی تشرینی دووەم، كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی پێ كرد و لە یەكەم رۆژدا، سەرۆك بارزانی بە سەرۆكی حزب ھەڵبژێردرایەوە و ھەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی-ش بە جێگری سەرۆكی پارتی ھەڵبژێردران.
رۆژی 14ی تشرینی دووەم بۆ جاری دووەم ئێران هێرشی مووشەكیی كردە سەر حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە قەزای كۆیە سەربە پارێزگای هەولێر.
ئێوارەی رۆژی 17ی تشرینی دووەم لە ئەنجامی تەقینی سیستەمی غازی شل (LPG) لە یەكێك لە ماڵەكانی گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی، 15 كەس گیانیان لەدەست دا و 12ی دیكەش برینداربوون.
لە 21ی تشرینی دووەم بۆ جاری سێیەم و لە 22ی تشرینی دووەم بۆ جاری چوارەم ئێران لە رێگای مووشەك و درۆنەوە هێرشی كردە سەر حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە قەزای كۆیە سەربە پارێزگای هەولێر و بەمهۆیەوە ترس و دڵەڕاوكێی لەلایەن دانیشتووانی ناوچەكە دروست كرد و دانیشتوانی گوندی هەرمۆتە كە مەسیحین گوندەكەیان چۆڵ بكەن.
رۆژی 27ی تشرینی دووەم شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆكردن و رێككەوتن لەسەر بوودجە و شایستە داراییەكان سەردانی بەغدای كرد كە ئەمە یەكەم سەردان بوو دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی.
رۆژی نۆی كانوونی یەكەم، سەرۆكی هەنگاریا، كاتالین نۆڤاك سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەماوەی دوو رۆژی مانەوەی لە هەولێر، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبووەوە و دواتریش سەردانی ھێزەكانی ھەنگاریای كرد كە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە ھەرێمی كوردستان و عێراق جێگیر كراون.
رۆژی 23ی كانوونی یەكەم، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە گەیشتە ھەرێمی كوردستان، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان، سەردانی ھێزەكانی وڵاتەكەی كرد كە لە چوارچێوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی دژبە داعش لە ھەرێمی كوردستاندا خزمەت دەكەن.
ئێوارەی 26ی كانوونی یەكەم بەھۆی كەمی خستەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە، بەھای 100 دۆلار لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان گەیشتە ئاستی 157 ھەزار و 500 دیناری عێراقی و ئەمەش یەكەمجارە لەماوەی 20 ساڵی رابردوو بەھای دۆلار بگاتە ئەو ئاستە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.