Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:56

ساڵانە 93 هەزار تۆن بەرهەمی زیادەی گۆشتی مریشک دەنێردرێتە دەرەوە

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی گۆشتی مریشک گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، ساڵانە 93 هەزار تۆن بەرهەمی زیادەی گۆشتی مریشک دەنێردرێتە دەرەوە.

لە ڕاگەیەنراوێک فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان، لە بەرهەمی گۆشتی مریشکدا، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و ساڵانەش بڕی بەرهەمی زیادە، دەنێرێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

‎ڕاشیگەیاند: لە کابینەی نۆیەم، پڕۆژەکانی پەلەوەر بەڕێژەی 20% بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرزبوونەتەوە بۆ هەزار و 840 پرۆژەی پەلەوەری، لەکاتێکدا توانای بەرهەمهێنانیشیان بەرزبووەتەوە بۆ 30 ملیۆن و 286 هەزار و 229 جوجەڵە (وەجبە)، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، توانای بەرهەمهێنان بەڕێژەی 42% بەرزبووەتەوە.

‎ئەوەشی خستەڕوو کە "پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە گۆشتی مریشک، 147 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، بەڵام پێشتر بەهۆی نەبوونی بڕیاری پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و پاڵپشتی پڕۆژەکان و قەدەغەی بەرهەمی هاوردە نەدەتوانرا پێویستیی ناوخۆیی پڕ بکرێتەوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەکانی پەلەوەر زیادیان کردووە و ڕێژەی بەرهەمیشیان بووەتە 240 هەزار تۆن لە ساڵێکدا، لەو ژمارەیەش ساڵانە 93 هەزار تۆن بڕی زیادەی بەرهەم، ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەوێ بەبازاڕ دەکرێت."

‎باسی لەوەش کرد کە "لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی تایبەت بە قەڵەوکردن و بەخێوکردنی مانگا، لە بەرزبوونەوەدان و گرنگییەکی زۆریان پێ دەدرێت، بەجۆرێک لە کابینەی نۆیەمدا، 39 پڕۆژەی قەڵەوکردنی گوێرەکە دامەزراون و ئێستا 98 پڕۆژەی تایبەت بەقەڵەوکردنی گوێرەکە هەن، جگە لە پەرەسەندن و زیادبوونی پڕۆژەی مانگای شیردەر کە ژمارەیان بۆ 84 پڕۆژە بەرزبوەتەوە لەکاتێکدا پێشتر 76 پڕۆژە بوون، بەمەش پڕۆژەکانی گاوداری بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەڕێژەی 76% زیادیان کردووە."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە داوە کە "‎بەشێوەیەکی گشتی، پێشتر هەزار و 864 پڕۆژەی پەلەوەری و ئاژەڵی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، گرنگییەکی زۆر بەو کەرتە دراوە و توانراوە تا ئاستی خۆبژێوی پەرەی پێ بدرێت، بەجۆرێک ژمارەی پڕۆژەکان بەرزکراونەتەوە بۆ دوو هەزار و 261 پڕۆژە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانیشیان زیاد بووە و بەمەش دەتوانرێت پێداویستیی ناوخۆیی پڕبکەنەوە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.