ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بە گوژمەی زیاتر لە 40 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەى دروستکردنی پڕۆژەی 2 بەرزە پردی سوڕانەوە و فراوانکردنی ڕێگەی دەربەندی کۆڕێ- شەقڵاوە کراوە.
لە ڕاگەیەنراوێک پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، ئەمڕۆ شەممە 2022.12.31، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی 2 بەرزە پردی سوڕانەوە و فراوانکردنی ڕێگەی دەربەندی کۆڕێ- شەقڵاوەی بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی زیاتر لە 40 ملیار و 128 ملیۆن و 91 هەزار دینار لە سەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکەش (14) مانگە.
ڕاشیگەیاند: پڕۆژەی دیزاینکردن و دروستکردنی دوو بەرزە پردی سوڕانەوە و فراوانکردنی ڕێگەی دەربەندی کۆڕێ- شەقڵاوە، کە بەگوژمەی 40 ملیار و 128 ملیۆن و 91 هەزار دینار لەسەر بوجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێ و ئێستا لە 22%ـی کارەکانى بەکۆتا هاتووە.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە پڕۆژەکە پێکهاتووە لە بەرزە پردی باشوور، درێژی کۆنکرێتی 190 مەتر و بەرزە پردی باکوور بە درێژی کۆنکرێتی 95 مەتر کە کۆی گشتیی 20 هەزار مەتر سێجا کۆنکرێتە، لەگەڵ فراوانکردنی ڕێگەی کۆڕێ - شەقڵاوە، پڕکردنەوەی بە بڕی 11 هەزار مەتر سێجا بڕین و بڕی 15 هەزار مەتر سێجا قیڕتاوکردن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.