مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵی نوێی زایینی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند: هیوادارین ساڵی 2023، ساڵی یەکخستنی تواناکان و، پابەندبوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت بە یاسا لەپێناو پەرژەوەندیەکانی گەل و خاکی کوردستان و ئامانجە ڕەواکانی گەلە تێکۆشەرەکەمان.
دەقی ڕاگەیەنراوی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان:-
بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2023، سڵاوی ڕێز و نەوازش ئاراستەی گیانی پاکی شەهیدان و کەسوکاری سەربەرزیان و شەهیدانی ئەنفالکراو دەکەین.
گەرمترین پیرۆزباییش پێشکەشی پێشمەرگە قارەمانەکان و بریندارانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کەردستان دەکەین بەو هیوایەی ساڵی نوێیان پڕ بێت لە سەرکەوتن و دەسکەوت.
لە کاتێکدا خەریکین پێ دەنێینە ساڵی نوێ، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەشی خەڵکی خۆڕاگڕی دڵی کوردستان و خاکی پیرۆزی کەرکووک و، گشت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، چ ئەوانەی بەهۆی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر ئاوارە بوون و چ ئەوانەی بە زۆرەملێ دەربەدەر کران و، ئەوانەیشی خۆڕاگرانە و سەربەرزانە بەربەرەکانێی ستەم و دوژمنکاری دەکەن.
لە هەمان کاتدا، لە دڵەوە پیرۆبایی لە هەموو ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و خۆشەویستانمان لە تاراوگە، دەکەین.
هەروەها ساڵی نوێ لە هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسان و کادر و ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو چاکەخوازانی جیهان، پیرۆز دەکەین.
هیوادارین ساڵی 2023، ساڵی یەکخستنی تواناکان و، پابەندبوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت بە یاسا لەپێناو پەرژەوەندیەکانی گەل و خاکی کوردستان و ئامانجە ڕەواکانی گەلە تێکۆشەرەکەمان و، هیوامان وایە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کوردستاندا بەردەوام ببێت و لە تەواوی ناوچەکانی عێراقدا ڕەنگ بداتەوە.
لە کاتێکدا ڕوو لە ساڵی نوێ دەکەین، کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسیی زۆر هەستیار دەبینین کە کاریگەرییان لە سەر ناوچەکەمان و تەواوی جیهان هەیە... لەگەڵ ئەوەیشدا باوەڕی پتەو و متمانەی تەواومان بە پابەندیی سەرکردایەتیی دانای کوردستان و مکوڕی و ئیرادەی پیاوە بەهێزەکانی هەیە، کە گەل و خاکی کوردستان و دەسکەوتەکانیان بپارێزن و، بەرگری لە مافە ڕەواکانیان بکەن. داوا لە خوای گەورە دەکەین ساڵی 2023 بکاتە ساڵێک کە تیایدا گەلی کورد و کوردستان مافە زەوتکراوەکانیان بەدەست بهێننەوە و، تێکۆشەران لە هەموو شوێنێکی کوردستانی خۆشەویستمان لە دڕندەیی گرتووخانەکانی سەرکوتکاری، ئازاد ببن.
هەر بە بۆنەی هاتنی ساڵی 2023، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سەرۆکی خۆشەویستمان جەنابی کاک مسعود بارزانی و هەردوو جێکرە دڵسۆز و لێهاتووەکەی دەکەین و، سەری ڕێز و شکۆ بۆ سەرۆکی نەمرمان بارزانی مستەفا دادەنەوێنین و، بە شکۆوە یادی کاک ئیدریس بارزانیی هەمیشە لەیاد دەکەینەوە.
دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان-ی
پارتی دیموکراتی کوردستان
31ی کانوونی یەکەمی 2022
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.