Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 14:09

ڤاتیکان وەسیەتنامەی پاپای کۆچکردوو بڵاو دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

پاپای کۆچکردووی ڤاتیکان دوای ئەوەی دوێنێ شەممە 31ـی 12ـی 2022 کۆچی دوایی کرد، ڤاتیکان وەسیەتنامەکەی بڵاو کردۆتەوە.

لە وەسیەتنامەکەی پاپای کۆچکردوو بێنێدیکتی شانزەیەم سوپاسی خودا دەکات کە ژیانی پێ بەخشیوە و ڕێنوێنیی کردووە لە زۆر دۆخی ناهەموار و نووسیویەتی، "نزام بۆ بکەن تاوەکو خودا بمخاتە شوێنی هەتا هەتایی، سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و هەڵەکانم."

هەروەها نووسیویەتی "داوای لێبوردن لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەجۆرێک ستەمم لێکردوون."

لە وەسیەتنامەکەی نزا دەکات کە وڵاتەکەیان بۆ هەمیشە وەک خاکی باوەڕداران بمێنێتەوە، داواش لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات لە باوەڕداری دوور نەکەونەوە.

بێنێدیکتی شانزەیەم هەر لە وەسیەتنامەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە کە "زۆرجار وا دەرکەوتووە کە زانست تێڕوانینێکی ڕەتنەکراوی پێشکەش کردووە کە دژیەک بووە لەگەڵ بیروباوەڕی کاسۆلیکی، بەڵام لە کاتی گۆڕانی نەوەکان بینیومانە کە ئەو تێزانە دەڕوخێن و دەردەکەون کە تەنیا گریمانەیەک بوون، وەکو نەوەی لیبراڵییەکان، بوونگەرا و مارکسییەکان."

جێی باسە، پاپا بێنێدیکتی شانزەیەم ئەم وەسیەتنامەی لە 29ـی 07ـی 2006 نووسیوە، دوێنێ شەممە لە تەمەنی 95 ساڵی کۆچی دوایی کرد.

پاپا بێنێدیکتی شانزەیەم لە ساڵی 2013ـدا بووە یەکەم پاپا کە لە مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکدا واز لە پاپایەتی بهێنێت، ئەمەش وەک خۆی ئاماژەی بەوە دابوو کە هۆکارەکەی تێکچوونی دۆخی تەندروستی بووە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.