Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 11:37

وەزارەتی تەندروستیی عێراق: رێوشوێنی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ناگرینە بەر

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی رایگەیاند کە لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە چین و لێکەوتەکانی ئەنجام دەدرێت، ئاماژەی بەوەدا کە رێوشوێنی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە عێراق ناگیرێتە بەر و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی، نیوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا کە لە عێراق تۆمارکراون، گۆڕاوی ئۆمیکرۆنن.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاندووە کە پزیشکە پسپۆرەکانی تایبەت بە پەتاکان لە بەشی تەندروستیی گشتیی، چاودێری دۆخی چین دەکەن، ئاماژەشی بەوەدا کە حاڵەتەکانی تووشبوون لە چین لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی خێرای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن زیادیان کردووە.

باسی لەوەش کردووە کە کاریگەری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوی دەلتا کەمترە، بەڵام بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و گوتی: "ژمارەیەک لە وڵاتانی رۆژئاوا، ھاتوچوی ئەو کەسانەیان سنووردارکردووە کە لە چینەوە سەردانی ئەو وڵاتانە دەکەن، بەتایبەتیش ئەو کەسانەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤە".

راشیگەیاندووە کە تا ئێستا وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھیچ رێنمایەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لەئێستادا چاودێری رەوشەکە دەکەن و گوتی: "لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە چین و لێکەوتەکانی ئەنجام دەدەن، بەڵام رێوشوێنی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە لە عێراق ناگیرێتەر بەر".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی ئاشکراشی کردووە، نیوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا کە لە عێراق تۆمارکراون، گۆڕاوی ئۆمیکرۆنن.

لە چین دوای ئەوەی رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمکرانەوە، دووبارە ڤایرۆسەکە بەخێرایی لەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە کە بەھۆیەوە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زیادی کردووە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.