Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 09:36

بەتۆمەتی تێکەڵاوی کوڕان و کچان هۆڵێکی وەرزشی لە ئێران داخرا

کوردستان TV
100%


بەتۆمەتی تێکەڵاوی کوڕان و کچان هۆڵێکی وەرزشی لە پارێزگای ئەلبورز مۆری لێ درا و دۆسیەیش لەسەر خاوەن و راهێنەری هۆڵەکە کرایەوە.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە دوای بیستنی هەواڵی پێدانی پەروەردە بە کوڕان و کچان بە تێکەڵاوی لە هۆڵێکی وەرزشیی لە ناوچەی مەشکیندەشت لە شاری کەرەج سەربە پارێزگای ئەلبورز داواکاری گشتیی فەردیس، حوسێن ناسرحەقی رێنمایی داوە کە لە بابەتەکە بکۆڵدرێتەوە.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا، دەرکەوتووە لە هۆڵە وەرزشییەکەدا بە تێکەڵاوی پەروەردە بە کوڕان و کچان دراوە.

حوسێن ناسرحەقی ئاماژەی بەوە داوە کە مۆر لە هۆڵە وەرزشییەکە دراوە و دۆسیەیش لەسەر خاوەن و راهێنەری هۆڵەکە کراوەتەوە.

بەتۆمەتی "یاساشکێنی باڵاپۆشی زۆرەملێ" دوو شوێنکار لە مۆڵێکی شاری بوروجەرد لە پارێزگای لوڕستان لە 26ی کانوونی یەکەمی 2022 داخران.

لە پارێزگای قوم لە رێککەوتی 25ی کانوونی یەکەمی 2022بە پاساوی "شکاندنی یاسای پۆشینی جلوبەرگ" مۆڵێک مۆری لێ درا کە چەندین دووکان و کۆگای تیایدایە و 700 کەس کاری تیایدا دەکەن.

لە 20ی کانوونی دووەمیش بەتۆمەتی "پێدانی خزمەتگوزاری بەو خانمانەی باڵاپۆش نین" پێنج شوێنکار لە شاری قەزوین داخران.

رۆژی 13ی ئەیلوول دوای ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیرشادی تارانه‌وه‌ بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵان رەوشی ته‌ندروستیی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی 16ی ئەیلوول ئه‌مینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. مه‌رگی مەهسا ئەمینی بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایه‌تی له‌ زۆربەی شارەکانی ئێران دژبە ده‌سه‌ڵاتدارانی ئەو وڵاته‌.

لە میانی خۆپیشاندانەکان کە گۆڕان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژبە ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، سەدان کەس لە سەرتاسەری ئێران گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش دەستگیر کراون.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.