ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بە بڕی زیاتر لە 29 ملیار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و 15%ـی داهاتی شارەوانی هەولێر، لە ساڵی 2022 لە هەولێر چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ كراون.
لە ڕاگەیەنراوێک ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: 37 پڕۆژە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و 40 پڕۆژە لەسەر 15%ـی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ کراون، ئەو پڕۆژانەش لە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ كراون، ئەوە جگە لە 3 پڕۆژەی دیکە لەسەر بودجەی 100%ـی شارەوانی و تەمویلی دارایی و لەسەر پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیش 11 پڕۆژەی دیکە جێبەجێ کراون.
ڕاشیگەیاند: پڕۆژەی ستراتیژیی شەقامی بازنەیی 150 مەتریی هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە 131 ملیۆن دۆلار لە شەقامی هەولێر - کۆیە بۆ هەولێر - شەقڵاوە، ھەروەھا شەقامی خێرای ڕێگەی گۆپاڵ بە گوژمەی زیاتر لە 110 ملیۆن دولار جێبەجێ کراون.
ئەوەشی خستەڕوو کە "هەر لە ساڵی 2022 لە ڕێگەی کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە بڕی زیاتر لە 7 هەزار و 132 تۆن قیر بۆ چاککردن و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر بەکارهاتووە."
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە "بە مەبەستی پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر، لە ڕێگەی تیمەکانی ئەندازەی پارکەکان، زیاتر لە 121 هەزار دار و 182هەزار گوڵ چێنراون، ئەمەش كاریگەرییەكی باشی لە زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی شار هەبووە، ئێستاش ڕێژەكەی گەیشتووەتە 19.5%، هاوكات تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر زیاتر لە 740 تۆن زبڵیان کۆکردووەتەوە و ژێر خاک کراون."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.