Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 21:14

ئێران: 94 ئه‌مه‌ریكی ده‌ستیان له‌ كوشتنی قاسم سلێمانی هه‌بووه‌ و یه‌كێك له‌وانه‌ دۆناڵد تره‌مپه‌

کوردستان TV
100%

كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگه‌یاند كه‌ 94 هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی ده‌ستیان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی كوشتنی قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران هه‌بووه‌، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌و وڵاته‌یه‌.

كازم غه‌ریب ئابادی یاریده‌ری سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی و سكرتێری لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئێران ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی وتارێكدا بۆ‌ میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی چه‌ند زانیارییه‌كی نوێی له‌سه‌ر دۆسییه‌ی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس ئاشكرا كرد.

ئابادی ڕایگه‌یاند: دادگاكانی ئێران له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كان له‌ پارساڵه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر دۆسییه‌ی كوشتنی قاسم سلێمانی پێكهێناوه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا ئێستا چه‌ندان زانیاری گرینگیان له‌نێوانیاندا گۆڕیوه‌ته‌وه‌‌.

ڕاشیگه‌یاند كه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی چواره‌می گفتوگۆی دادگاكانی ئێران و عێراق، لیستی تۆمه‌تباران دۆسییه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نرێ، ئێستا ده‌ستنووسی تۆمه‌تباره‌كان ئاماده‌كراون و یاساناسه‌كان پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو لیستی تۆمه‌تباره‌كان به‌ فه‌رمی بێته‌ ڕاگه‌یاندن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ تا ئێستا 94 هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی تۆمه‌تباركراون به‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان له‌ تاوانی كوشتنی قاسم سلێمانیدا هه‌بووه‌‌، له‌نێویشیاندا دۆناڵد تره‌مپ و مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و كینیت ماكێنزی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی پێشووی سوپای ئه‌مه‌ریكا هه‌ن.

كازم غه‌ریب ئابادی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ بریكاری دادگایی ئێرانی بۆ 7 وڵاتی تریش نێردراون، چونكه‌ تۆمه‌تباره‌كان ته‌نیا ئه‌مه‌ریكی نین و هاوكارانیان له‌ وڵاتانی تریش هه‌ن.

یاریده‌ری سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی ناوی هه‌ندێ له‌و وڵاتانه‌شی هێنا كه‌ ده‌ستیان له‌ دۆسییه‌كه‌دا هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌وانیش هه‌ندێ له‌ وڵاتانی ئیقلیمی و هه‌روه‌ها ئه‌وروپین له‌وانه‌ش ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا.

له‌ ڕێكه‌وتی 3ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2020، سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌ فه‌رمی كوشتنی قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنێكدا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا ڕاگه‌یاند.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.