Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:25

بۆ کارئاسانی هاووڵاتییان لە سۆران دوو هێڵی پەیوەندی کارا کران

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ كارئاسانیی هاووڵاتیان دوو هێڵی گەرمی پەیوەندیكردن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كارا دەكرێن.

لە ڕاگەیەنراوێک فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: لە ماوەی ساڵێک و سێ مانگی تەمەنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بۆ سکاڵا و بەدواداچوونی كارەكانیان، سەردانی ئیدارەی سۆرانیان كردووە.

ڕاشیگەیاند: بۆ كارئاسانیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان و ڕاییكردنی كارەكانیان و كەمكردنەوەی قەرەباڵخی لە فەرمانگەكان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ئەم مەبەستە دوو هێڵی گەرمی بۆ هاووڵاتییان كارا كرد، كە بریتین لە هەردوو ژمارە تەلەفۆنی:

07507000401

07507000501

باسی لەوەش کردووە کە "لە دوێنی دووشەممە، 2ـی كانوونی دووەمی 2023ـەوە، كە یەكەم ڕۆژی دەوامی فەرمیی ساڵی نوێ بوو، هێڵەكان كارا كراون."

هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،  ئاماژەی بەوە دا کە هێڵەكان ڕۆژانە لە کاتژمێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 09:00ـی شەو کراوەن و هەر سکاڵا و داواکارییەک هەبێت وەریدەگرن، هەروەها هەر داوا و سکاڵایەک کە لایەنی پەیوەندیدار بتوانن خۆیان چارەسەری بکەن ئەنجامی دەدەن، ئەوەی دیکە کە پێویستی بە بڕیاری سەرپەرشتیاری ئیدارە هەبێت، دوای كاتی دەوام داواکاری و سکاڵاکان دەبینێت و کاری لەسەر دەكات بەمەبەستی چارەسەر كردنیان.

ئاماژەی بەوەش دا کە هاووڵاتییان لە هەر شوێنێک کە دەزانن کێشەکەیان چارەسەر ناکرێت، دەتوانن پەیوەندی بەو دوو ‌هێڵە گەرمەوە بکەن و بە هەمانشێوە، ئەو هاووڵاتییانەی کە پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە دەکەن، وەڵامیان دەدرێتەوە و چارەسەرەکەشیان پێدەگوترێت.

دەربارەی میكانیزمی وەرگرتنی پەیوەندیی هاوڵاتییان ڕوونی كردەوە كە بە شێوەیەكە، ئەو کەسانەی پەیوەندی دەکەن ناو و زانیارییەکانیان تۆمار دەکرێت، وەڵامەکە ئەرێنی بێت یان نەرێنی لەبارەی داوا و سکاڵاکانیانەوە وەڵامیان دەدرێتەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەم مەبەستە تیمێكی تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەكراوە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوون بۆ داواكارییەكانی هاووڵاتییان، ئەو هێڵە گەرمە زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە سۆشیال میدیا بەکارنا‌هێنن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.