Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 22:15

ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتە زیاتر لە 42 ملیۆن كەس

کوردستان TV
100%

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢دا، گەیشتووەتە ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ كەس كە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١، دوو ملیۆن و ٩٨ ھەزار و ٨٨٣ كەس زیادی كردووە.
لە ساڵی ٢٠٢١دا، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو  كە ژمارەی دانیشتوان گەیشتووەتە ٤٠ ملیۆن و ١٥٠ ھەزار كەس.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی ئامارەكانی دەزگای ناوەندیی ئامار ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢دا، گەیشتووەتە ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ كەس و زیادبوونی ساڵانەی ژمارەی دانیشتوان بەڕێژەی لەسەدا ٢،٥ بووە كە رێژەی رەگەزی نێر لەسەدا ٥٠،٥ و رەگەزی مێ ٤٩،٥ لەسەدایە.
باسی لەوەش كردووە كە لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، یەك ملیۆن و ٣١٠ ھەزار و ٨٩٤ منداڵ لە دایك بوون و  ٢٣٦ ھەزار و ٤٦٩ كەسیش مردوون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو كە رێژەی دانیشتوان كە تەمەنیان لەخوار ١٥ ساڵ، گەیشتووەتە ٤٠،٥ لەسەدا لە كۆی گشتیی ژمارەی دانیشتوان، ھەروەھا تەمەنی ئەو كەسانەی كە توانای كاركردنیان ھەیە (١٥-٦٤)، گەیشتووەتە ٥٦،٥ لەسەدا.
راشیگەیاندووە كە رێژەی بەساڵاچووان لە ساڵی ٢٠٢٢دا، گەیشتووەتە ٣،١ لەسەدا.
ئاماژە بەوەدراوە كە پێشبینی بۆ لەژیاندامان لە میانی منداڵبووندا بۆ دانیشتوان، گەیشتووەتە ٧٤،٥ لەسەدا لەسەر ئاستی نێرینە ٧٢،٥ لەسەدا و لەسەر ئاستی مێنە ٧٦،٦ لەسەدا، ھەروەھا رێژەی دانشتیوان لە شاردا، گەیشتووەتە ٦٩،٩ لەسەدا و رێژەی دانیشتوان لە لادیێدا، گەیشتووەتە ٣٠،١ لەسەدا.
روونی كردووەتەوە كە لەسەر ئاستی پارێزگاكاندا، پارێزگای بەغدا زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تیایدا تۆمار كراوە كە ژمارەی دانیشتوانییەكەی نۆ ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە و پارێزگای موسەننا لە ریزبەندی كۆتاییدایە كە ژمارەی دانیشتوانی، گەیشتووەتە ٩٠٠ ھەزار كەس.
بەپێی زانیارییەكان لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەكو ١٩٩٧، حەوت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش لە ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧دا و لە دوایین سەرژمێریدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتبووە، ١٩ ملیۆن و ١٨٤ ھەزار و ٥٣٤ كەس.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.