سەرۆک وەزیرانی عێراق و یونامی لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەخت دەکەنەوە کە بڕیاری تاپۆکردنی زەوی و خانووەکانی سنووری شنگال دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئێزیدییەکان بۆ زێدی خۆیان.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی و نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردۆتەوە و تێیدا سوودانی لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەکە ڕایگەیاندووە: بەهۆی سیاسەتی جیاكاریەوە هەر لەساڵی 1975ـەوە نزیكەی 250 هەزار هاووڵاتی ئێزدی لە قەزای شەنگال لە پارێزگای نەینەوا ڕێگەیان پێ نەدراوە خانوو و زەوییە نیشتەجێیەكانی خۆیان لەسەر ناوی خۆیان تاپۆ بكەن.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەش سوودانی ڕاشیگەیاند: ئەم بڕیارە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە دراوە و كار لەسەر دیراسەكردن و پێشكەشكردنی بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنی نەتەوەیەكگرتووەكانی ((هابیتات) ڕێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەگرتووەکانە) كراوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە کە هیوادارین بڕیارەکە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی كێشە و ئازاری ئێزیدییەكان و هاندانیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگاڵ/ نەینەوا.
هاوکات جینین هینیس پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند: مەرسوومەكە دانپێدانێكی فەرمییە بە مافی موڵكداری زەوی و خانووەكان و كۆتایی بە ماوەی جیاكاری دەهێنێت، هیوادارین ببێتە هۆی کەمکردنەوەی كێشە و ئازاری ئێزدییەكان و هاندانیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال/ نەینەوا.
ڕاشیگەیاند: ئێزدییەکانی عێراق لە شەنگال بەهۆی سیاسەتی جیاكاری بەردەوام ناڵایاندوویانە، بووەتە هۆی بێبەشكردنیان لە زەوی و مافی نیشتەجێ و بەڵگەنامەكانی تاپۆكردن.
پلاسخارت ئاماژەی بەوەش دا کە نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوەیەكی باش لەگەڵ دەزگە پەیوەندیدارەكان و لیژنە پێكهێنراوە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كار دەكات، بە مەبەستی هاریكاریكردن لە خێراكردنی پڕۆسەی تۆماركردنی موڵكەكان و دەرخستنی تاپۆی تەواوی موڵكداری بۆ ئەو خانووانەی كە ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختی كردۆتەوە كە ئەم بڕیارە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ عێراق، كەهەوڵێكی زۆر دەدات بۆ پاراستن و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لە بواری نیشتەجیێ شایستەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 27ـی 12ـی 2022 بڕیاری بە بەناوکردنی خانوو و کۆمەڵگەکانی خانسۆر، دووگرێ، بۆرک، کۆهبل، تەل قەسەب، تەل عوزێر، سیپا شێخدری و کرزرک لە قەزای شنگال دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.