Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 21:42

90%ی پلیتی یارییه‌كانی جامی كه‌نداوی به‌سڕا فرۆشراون

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق ئاشكرای كرد كه‌ تا ئێستا 90%ی پلیتی یارییه‌كانی جامی كه‌نداوی 25 له‌ شاری به‌سڕا به‌ڕێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی فرۆشراون.

عه‌دنان درجال سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاشكرای كرد: ڕێژه‌ی هه‌ره‌ زۆری كه‌ ده‌كاته‌ 90%ی پلیتی یارییه‌كانی جامی كه‌نداوی 25 له‌ ڕێگه‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ فرۆشراون.

ڕاشیگه‌یاند: ئاماده‌كارییه‌كانمان بۆ ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی جامی كه‌نداوی 25 ته‌واو كردووه‌ و دڵنیاین جوانترین دیمه‌نی كردنه‌وه‌ له‌ مێژووی پاڵه‌وانیه‌تی جامی كه‌نداو پێشكه‌ش ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئاهه‌نگی كرانه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای تایبه‌تی ئه‌ڵمانی و ئیتاڵی و هۆڵه‌ندی و چه‌ند وڵاتێكی تری بیانیش ئاماده‌كراوه‌ و دیمه‌نێكی هونه‌ری جوانی لایه‌ق به‌ مێژووی عێراق پێشكه‌ش ده‌كرێت و هانده‌رانیش به‌شێك ده‌بن له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌.

سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ جامی كه‌نداو سیسته‌می ڤار به‌كارده‌هێنن و 43 ناوبژیوانی عێراقی و عه‌ره‌بی و بیانی یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

هه‌ڵبژارده‌ به‌شداره‌كانی جامی كه‌نداوی 25 كه‌ 8 هه‌ڵبژارده‌ن، به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ دابه‌ش بوون به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌:-

كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م / هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، هه‌ڵبژارده‌ی سعوودییه‌، هه‌ڵبژارده‌ی عومان، هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌ن.

كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م / هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێن، هه‌ڵبژارده‌ی كوێت، هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕ، هه‌ڵبژارده‌ی ئیماڕات.

یاریی كرانه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 دووسبه‌ی هه‌ینی كاتژمێر 6:45 له‌سه‌ر یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌سڕا له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و عومان له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

یاریی دووه‌میش هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ و له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌ كاتژمێر 9:30 هه‌ر له‌سه‌ر یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌سڕا له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی سعوودیه‌ و یه‌مه‌ن ئه‌نجام ده‌درێت.

بۆ ڕۆژی شه‌موو له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م دوو یاری به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یاریی یه‌كه‌م له‌ كاتژمێر 4:15 له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێن – ئیماڕات له‌سه‌ر یاریگه‌ی یانه‌ی مینا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یاریی دووه‌میش كاتژمێر 7:15 له‌نێوان هه‌ڵبژارده‌كانی كوێت – قه‌ته‌ڕ هه‌ر له‌سه‌ر یاریگه‌ی یانه‌ی مینا ئه‌نجام ده‌درێت.

ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی له‌ كۆمه‌ڵه‌كانیان زۆرترین خاڵیان كۆكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كان سه‌رده‌كه‌ون بۆ قۆناغی پێش كۆتایی، له‌ قۆناغی پێش كۆتاییش یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕووی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م و یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م ڕووبه‌ڕووی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م ده‌بێـته‌وه‌.

دواتریش براوه‌ی هه‌ردوو یاریی ده‌چنه‌ یاریی كۆتایی و رۆژی پێنجشه‌م ڕێكه‌وتی 19/1/2023 له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی جامه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌ و براوه‌ی جامی كه‌نداوی 25ی به‌سڕا دیاری ده‌كرێت.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.