Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 08:54

جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی شنگال ھۆكارە لەبەردەم نەگەڕانەوەی ئاوارەكان

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك ئامادەیە بۆ ئەو ئەركەی لەسەر شانییەتی جێبەجێی بكات ، بەڵام دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی كە حكوومەتی فیدراڵیی تا چەند توانای جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی هەیە.
کوردستان TV
100%

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان هەیە و بەشی هەرە زۆری پەنابەرەكان سووریایین. بەشێك لە ئاوارەكانیش خەڵكی پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە، ئەنبار و سەڵاحەددین-ن و بەشێكی زۆریش ئێزدییەكانی شنگالن. شنگالییەكان بە هۆی بوونی گرووپە نایاساییەكان لە ناوچەكەیان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر زێدی خۆیان.

لەوبارەیەوە حوسێن كەلاری،بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: بابەتی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان دەبێ بابەتێكی ئارەزوومەندانە بێت نەوەك بە زۆرەملێ. دەكرێت ئاوارەكان هان بدرێن بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەش بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانەوە و دابینكردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكانیان دەبێت.
هەروەها گوتی: لە مانگی ئایاری 2022 لە ئەنجامی پێكدادانێك لە شنگال لەنێوان سوپای عێراق و گرووپە لە یاسا دەرچووەكان لە میانی 72 كاتژمێردا، 10 هەزار و 570 كەس جارێكی دیكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونەوە.
گوتیشی:كەواتە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، زەمانەتی ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ شنگال.
هاوكات حوسێن كەلاری سەبارەت بە هۆكاری جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی شنگال گوتی: لای ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك ئامادەین بۆ ئەو ئەركەی لەسەر شانمانە جێبەجێی بكەین، بەڵام دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی كە حكوومەتی فیدراڵیی تا چەند توانای جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەیە، بە دڵنیایییەوە دەبێت ئەو گرووپانەی كە لە یاسا دەرچوون و لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هاتوون و كۆنترۆڵی بەشێك لە شنگال-یان كردووە و لە دەرەوەی یاسا قایمقامیان داناوە لەوێ نەمێنن، بۆیە تا ئەوانە لەوێ خاوەن دەسەڵات بن و حكوومەتی عێراقی توانای ئەوەی نەبێت ئەو گرووپانە دەربكات، ئەوا بێگومان ئەو رێككەوتننامەیە جێبەجێ ناكرێت.
لە رۆژی نۆی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020 رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق واژوو كرا و یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی رێككەوتنەكە بریتییە لە كشانەوەی گرووپە میلیشیاكان لە شنگال كە بەپێی زانیارییەكان تا ئێستا حەوت گرووپی جیاوازی چەكدار لە شنگال ھەیە كە ژمارەیان بە 20 ھەزار چەكدار دەخەمڵێندرێت و بوونەتە ھۆكاری ناسەقامگیری ناوچەكە . 
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.