وەزیرى دارایی و ئابوورى حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک دەركرد بۆ کارئاسانى و بەدیجیتاڵیکردنى دۆسییە و مووچەى خانەنشینان و کاراکردنى زیاترى دۆسییەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ڕێکخستنەوەی کاروبارە بانکییەکان.
لە درێژەی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی دوێنێ چوارشەم و ئهمڕۆ پێنجشەم بۆ شاری سلێمانی، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: سەردان و کۆبوونەوەکانى دوو ڕۆژى رابردوودمان لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە کە دەستمان پێ کردووە بۆ بەجێگەیاندنی دۆسییەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی سنوورەکە و ڕێکخستنەوەی ئیش و کارە بانکییەکانی سلێمانی و بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان و دیجیتاڵکردنی دۆسییەکانیان.
ئاوات جهناب نووری سەردانێكی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانیشی كرد و چهند بڕیارێكی دهركرد كه بریتین له:-
یەکەم: بینای بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تەواوی تەرخان بکرێت بۆ خانەنشینی و کار بکرێت بۆ کارئاسانی مامەڵە و سەردانی خانەنشینان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە.
دووەم: هەریەک لە بانکی باخان و بانکی کوردسات تێکەڵ بکرێن و لەچوارچێوەی یەک بانکدا ئیش و کارەکانیان ڕێک بخرێتەوە.
سێیەم: سەرجەم دۆسییەی خانەنشینان بەدیجیتاڵی بکرێت و شێوازی نوێ لە ئەرشیفکردنی دۆسییە و دیکۆمێنتەکان کارا بکرێت.
چوارەم: بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان و دروستکردنی کارتی زیرەکی مووچەکانیان کە وەزارەتی دارایی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم دەستی پێ کردووە و قۆناغەکانیشی کاراتر و تەواو بکرێت.
ههر لەمیانهی سەردانەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری بەڵێنی دا بەپێی توانا و لەچوارچێوەی ڕێنماییەکان هاوکاری و پێداوییستییەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە فەراهەم بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.