Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 20:59

نێچیرڤان بارزانی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی كرانه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 له‌ به‌سڕا ده‌كات

کوردستان TV
100%

بڕیاره‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی ئاهه‌نگی كرانه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 بكات كه‌ سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ شاری به‌سڕا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك ده‌بێت له‌ مێوانانی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ و له‌نێو یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌سڕا ئاماده‌ ده‌بێت و به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی ئاهه‌نگی كرانه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 ده‌كات.

ویسام نه‌جیب سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری پاڵه‌وانیه‌تی جامی كه‌نداوی 25 ڕایگه‌یاند كه‌ ئاهه‌نگی كرانه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 5:45ی سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌ستپێده‌كات.

ڕاشیگه‌یاند: ئاهه‌نگی كرانه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 له‌ ئاستی پاڵه‌وانیه‌تییه‌ جیهانییه‌كان ده‌بێت و لایه‌ق به‌ مێژوو عێراق و جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی كه‌نداو و عه‌ره‌بی ده‌بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ له‌ ئاهه‌نگی كرانه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا سێ گۆرانیبێژی ناوداری عێراقی به‌شدار ده‌بن و گۆرانی ده‌ڵێن، ئه‌وانیش بریتین له‌ كازم ساهیر و حوسام ڕه‌سام و ره‌حمه‌ ریاز.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ دوای به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگی كرانه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25، یه‌كه‌م یاریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ كاتژمێر 7 له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و عومان له‌نێو یاریگه‌ی نێودوڵه‌تی به‌سڕا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵبژارده‌ به‌شداره‌كانی جامی كه‌نداوی 25 له‌‌ 8 هه‌ڵبژارده‌ پێكهاتوون و به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌ش بوون به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌:-

كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م / هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، هه‌ڵبژارده‌ی سعوودییه‌، هه‌ڵبژارده‌ی عومان، هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌ن.

كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م / هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێن، هه‌ڵبژارده‌ی كوێت، هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕ، هه‌ڵبژارده‌ی ئیماڕات.

دوای یارییه‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌كانی عێراق و عومان، هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی و له‌سه‌ر یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌سڕا، یاریی دووه‌می پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ش ئه‌نجام ده‌درێت له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌ن و سعوودییه‌ له‌ كاتژمێر 9:45.

بۆ سبه‌ی شه‌موو له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م، دوو یاریی گرینگی تر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یاریی یه‌كه‌م له‌ كاتژمێر 4:15 له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێن – ئیماڕات له‌سه‌ر یاریگه‌ی یانه‌ی مینا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یاریی دووه‌میش كاتژمێر 7:15 له‌نێوان هه‌ڵبژارده‌كانی كوێت – قه‌ته‌ڕ هه‌ر له‌سه‌ر یاریگه‌ی یانه‌ی مینا ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌گوێره‌ی سیسته‌می پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی له‌ كۆمه‌ڵه‌كانیان زۆرترین خاڵیان كۆكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كان سه‌رده‌كه‌ون بۆ قۆناغی پێش كۆتایی، له‌ قۆناغی پێش كۆتاییش هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م و هه‌روه‌ها هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

دواتریش براوه‌ی هه‌ردوو یارییه‌كان ده‌چنه‌ یاریی كۆتایی و رۆژی پێنجشه‌م ڕێكه‌وتی 19/1/2023 له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی جامه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌ و براوه‌ی جامی كه‌نداوی 25ی به‌سڕا دیاری ده‌كرێت.

جێی باسه‌ پاڵه‌وانی جامی كه‌نداوی 24 كه‌ له‌ ساڵی 2019 له‌ وڵاتی قه‌ته‌ڕ به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێن‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ یاریی كۆتاییدا به‌ گۆڵێكی بێ وه‌ڵام له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سعوودییه‌ی برده‌وه‌، بووه‌ پاڵه‌وانی جامه‌كه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.