Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 21:31

دوای هەنار، حکوومەتی هەرێم سێو و ترێ و هەنگوینیش هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات

کوردستان TV
100%

هەرێمی کوردستان لە قۆناغی هاوردەکارییەوە بەرەو قۆناغی هەناردەکاری هەنگاو دەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش کەڵک لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وەردەگیرێن، لە ئێستادا هەناردەکردنی هەنار بۆ وڵاتانی کەنداو بەردەوامە و کردنەوەی ڕێڕەوی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کوردستانیش بۆ بازاڕەکانی دەرەوە لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی خۆماڵیدا هەنگاوێكی گرنگە.

جەلیل ساڵحی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند:هه‌نارده‌كردنی هه‌نار به‌ ده‌ستپێشخه‌ری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بووه‌ و تیمی سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ كاره‌كه‌ هه‌ستاون، له‌ ئێستادا كه‌رتی دووه‌می كاره‌كه‌مان ته‌واو كردووه‌، له ‌كه‌رتی سێیه‌م و كۆتایی داین كه‌ كۆتا قۆناغه‌ له‌ هه‌نارده‌كردنی هه‌نار و توانیومانه‌ بچینه‌ نێو بازاڕه‌كانی ئیمارات و له‌ هایپه‌رماركێته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ناری كوردستان ده‌ست ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها له‌ وڵاتانی به‌حرێن و سعوودیه‌ش هه‌یه‌، له‌ كۆتا قۆناغدا پێشبینی ده‌كه‌ین بچینه‌ وڵاتی قه‌ته‌ریش‌، له‌ ئێستادا به‌ سه‌دان تۆن هەنار هه‌نارده‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی هه‌نارده‌كه‌یه‌ كه‌ وای كردووه‌ چه‌ندین جووتیار په‌یوه‌ندی به‌ ئێمەوە‌ بكەن و هه‌ندێكیشیان خۆیان سه‌ردانی ئیماراتیان كردووه‌ به‌و نیازه‌ی به‌روبوومی خۆیان ببه‌نه‌ وڵاتانی كه‌نداو.

جەلیل ساڵحی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌ی لەنێوان كوردستان و ئیمارات هەبووە، بووه‌ته‌ بنەمایەك بۆ په‌یوه‌ندیی ئابووری و هه‌نارده‌كردن، ئه‌مه‌ش ئاسانكارییه‌كی زۆری كردووه.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار جەختیشی كردەوە كە نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكاریی هه‌ر كه‌سێك ده‌كات كه‌ نیازی هه‌نارده‌كردنی به‌رووبوومی كشتوكاڵی بۆ وڵاتانی كه‌نداو هەیە.

هەروەها لەبارەی به‌شی دووه‌می پڕۆژەكەش، جەلیل ساڵحی گوتی: به‌شی دووه‌می كاره‌كانمان كه‌ ستراتیژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، بریتییە له‌ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ به‌ بازاڕكردنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی كە له‌ داهاتوویە‌كی نزیكدا ئه‌م دامه‌زراوه‌ داده‌مه‌زرێت و له‌ ماوه‌ی ساڵێك بۆ دوو ساڵ ئاماده‌ ده‌كرێت، تا به‌ده‌ر له‌ هه‌نارده‌كردنی هه‌نار، بتوانین بەروبوومی كشتوكاڵی تری كوردستان بۆ وڵاتانی كەنداو هەناردە بكەین، بەهەمانشێوە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزانەی سەرۆك وەزیران بناغەیەكی بەهێزی بۆ دروست كردووە، دەتوانین كاری تەكنیكی و هەناردەكردن لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا دەست پێ بكەین، بۆ ئەوەی بەدەر لە وڵاتانی كەنداو، هەناردە بۆ وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیاش بكەین.

جگە لە هەنار، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی سێو، ترێ و هەنگوین، هەروەها پلانی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و زەمینەخۆشکردن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە فراوانتر دەکرێت، لە قۆناغی داهاتووشدا جگە لە بازاڕەکانی ئیمارات، هەناری کوردستان بۆ بازاڕەکانی سعوودییە و بەحرێن و وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا هەناردە دەکرێن.

ەبارەی كرانەوەی دەرگه‌ی بازاڕی وڵاتان بە ڕووی بەرهەمەكانی كوردستان و نیاز و پلانی حكوومەت و چۆنیەتیی فراوانكردنی ئەو بازاڕە لە وڵاتاندا، جەلیل ساڵحی ئاماژەی بەوە كرد: ئێستا توێژینەوە بۆ ئەوە دەكەین كە لەمساڵدا بەدەر لەهەنار، سێ بەرهەمی تر لە داهاتوویەكی نزیكدا كە وەرز و كاتی لێكردنەوەی بەروبوومەكانیان دێت هەناردە بكەین، لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەكان لە ئێستادا توێژینەوەی سەرەتایین و كۆتا ئەنجام نین، بەڵام ترێ و هەنگوین و سێو بە گشتی خواستیان لەسەرە، بە تایبەتی سێوی ناوچەی بەرواری، بەڵام وەك باسمان كرد ئەمە سەرەتاییە و تا دەستپێكی چنینەوەی بەروبوومی كشتوكاڵی لە كوردستان و پێش دەستپێكردنی وەرزەكەی، دیاری دەكەین كە چۆن كڕیار و خواستمان بۆی دۆزیوەتەوە چ لە وڵاتانی كەنداو یان وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بێت كە ئێمە ئێستا كاری لەسەر دەكەین.

لەبارەی چۆنیەتیی پێشوازیكردن و بوونی خواست لەسەر هەنار لە دەرەوەی كوردستان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: بەر لە هەناردەکردنی هەناری كوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات و وڵاتانی كەنداو، توێژینەوەمان كرد تا بزانین ئەو هەنارەی ئێمە هەمانە بەپێی ئەو خەسڵەتانەی كە هەیەتی كە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر یان كیشوەرێك بۆ كیشوەرێكی تر جیاوازە و تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆی هەیە، لە ئەنجامدا ئەو توێژینەوەیەی كردمان و بە پێی دانیشتووانی وڵاتانی كەنداو كە تاچەند خواستیان لەسەر هەناری كوردستان هەبێت، بۆمان دەركەوت كە هەناری ئێمە كێبڕكێی هەناری وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دەكات و خەسڵەتەكانی نزیكن لە هی ئەوانەوە، هەروەك هەناری ئیسپانی كە لە وڵاتانی كەنداو خواستی لەسەرە، بەو پێیە بۆمان ڕوون بووەوە كە خواستێكی بۆ دروست دەبێت و خۆشبەختانە ئەو توێژینەوەی كردمان دەرئەنجامەكەی بەرجەستە بوو.

لەبارەی مەبەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاندانی جووتیاران و پەرەپێدان و فراوانكردنی كارەكانیان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا: بەشێكی گرنگی ئەجێندای كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەمەچەشنكردنی داهاتی هەرێمەكەیە و جەنابی سەرۆك وەزیران و تیمەكەی لە نووسینگەی سەرۆك وەزیران زۆر بە گڕوتینەوە خەمخۆری جوتیارانی خۆمانە، و ئەم هەوڵەی ئێستا داومانە گەواهیدەری ئەوەیە كە یارمەتیدەری جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەبین و بە بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ بە بازاڕكردنی ئەو بەروبوومانەی هەیانە و ئەو ئەزموونە نەخوازراوانەی پێشتر هەیانبووە، دووبارە نەبێتەوە و ئەزموونێكی زۆر باشتریان بۆ دروست بكەین لە داهاتوودا، و دەرگای هەناردەكردنی بەروبوومەكانیان بەرەو وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت وڵاتانی كەنداو و یەكێتیی ئەوروپا بە ڕوویاندا بكەینەوە.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵی، کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕی جیاواز بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات و لە پاڵپشتیکردنی جووتیارانیش بەردەوام دەبێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.