بەهۆی بوونی تەمومژ و دابەزینی ئاستی بینین،بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر راگیران.
بە گوێرەی زانیارییەكان لە كاتژمێر 4ی بەرەبەیانییەوە، بەهۆی بوونی تەمومژ و دابەزینی ئاستی بینین، گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەڵەتی هەولێر راگیراون.
لەوبارەیەوە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تایبەت بە كوردستان تیڤی رایگەیاند، تا ئێستا گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە تەواوی رانەگیراون و بەردەوامن. ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی ئەو تەم و مژە چڕەی كە هەولێری پایتەختی گرتووەتەوە، ناچار دەبن گەشتەكان بۆ ماوەی نیو كاتژمێر یان كەمتر دوابخەن، بەڵام دوای ئەوە جارێكی دیكە گەشتەكان دەستپێدەكەنەوە.
دووپاتیشی كردەوە، تا ئێستا گەشتەكان رانەگیراون و بەردەوامن.
هەروەها بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی، هەر كاتێك دۆخی كەشوهەوا ئاسایی بووەوە، ئەوانیش گەشتەكانیان ئاسایی دەكەنەوە.
ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین هەرێمی كوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و دوێنێ هەریەكە لە فڕۆكەخانەكانی بەغدا و نەجەف گەشتەكانیان راگرت.
شایانی باسە دوێنێش گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بەهۆی بارودۆخی كەشوهەوا و گەیشتنی مەودای بینین كەمتر لە 200 مەتر، بۆ ماوەیەك راگیران .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.