پارێزگاری هەولێر تیمێکی تەندروستی ڕاسپارد بۆ چارەسەرکردنی هونەرمەند غازی غەفوور و هاوکاریکردنی بە هەموو شێوەیەک.
ئەمشەو یەکشەممە 08ـی 01ـی 2023 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە یاوەری د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر سەردانی هونەرمەندی دێرینی هەولێر غازی غەفوورـیان کرد، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لەبارەی سەردانەکە ڕایگەیاند: بە مەبەستی هەواڵپرسین و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی تەندروستیی ئەو هونەرمەندە بووە کە ماوەیەکە باری تەندروستیی ناجێگیرە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
ڕاشیگەیاند: لە میانی سەردانەکە ئومێد خۆشناو وێڕای هیوای زوو چاکبوونەوە و تەندروستییەکی باش بۆ هونەرمەندەکە، دووپاتیشی کردەوە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هەرچی بە ئێمە دەکرێت بۆ چارەسەرکردنیی ئەنجامی بدەین، وەک هونەرمەندێکی دێرینی شارەکەمان حەقت لەسەرمانە و ئێمە لە هەولێر شانازی بە مێژووی هونەریت دەکەین.
ئاماژەی بەوەش دا کە پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ڕاسپارد، سبەی تیمێکی تایبەتی تەندروستی لە ماڵەوە سەردانی هونەرمەند بکەن و ئەوەی پێویست بێت بۆ چارەسەری ئەنجام بدەن و دواتر بگوازرێتەوە نەخۆشخانە و بە هەموو شێوەیەک هاوکاری بکرێت و هەموو ڕێوشوێنێک بۆ چارەسەرکردنی تەندروستی بگیرێتەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.