Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:41

پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر بەجینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزدی دەدات

کوردستان TV
100%


 بڕیارە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر بەجینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزدی بدات و بەرپرسێکی ئێزدییش لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەڵێت، تا ئێستا پەرلەمانی 11 وڵات دەنگیان لەسەر بەجینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزدی داوە و ئەگەر ئەڵمانیاش بڕیار بدات کاریگەریی دەبێت.

سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە ڕۆژی 19ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر پرسی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی بدات،  بڕیاردان لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە جیھاندا، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتێکی وەک ئەڵمانیاوە کە بەگشتی لەسەر ئاستی جیھان سەنگی خۆی ھەیە. 

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان دەشڵێت: لە ئەڵمانیا 250 ھەتا 300 ھەزار کوردی ئێزدی ھەن، لەبەر ئەوەیش بۆ ئێمەی کوردانی ئێزدی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا گرنگیی خۆی ھەیە.

سعود مستۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: تا ئێستا پەرلەمانی 11 وڵاتی ئەورووپی دەنگیان داوە لەسەر بەجینۆسایدناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدی ھاتووە و ھەوڵەکانی ئێمەیش چ وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چ وەکوو کوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پرسی کوردانی ئێزدی بەجینۆساید بناسێندرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.