Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:36

وڵاتانی ئەوروپا باڵیۆزانی ئێران بانگهێشت دەکەن

کوردستان TV
100%

بەلجیکا، هۆڵەندا و دانیمارک بەهۆی لەسێدارەدانی دوو گەنج لە ئێران، باڵیۆزانی ئێران لە وڵاتەکانیان بانگهێشت دەکەن، بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکانیان بە وڵاتەکە، هۆشداری سەپاندنی سزای زیاتریش دەدەن. 

حجە لەحبیب وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە تویتێکدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی دوو کەس لە ئێران ڕایگەیاند: هەستم بە نیگەرانییەکی زۆر کرد، باڵیۆزی ئێران لە بەلجیکا بانگهێشت دەکەین بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکانمان لەمبارەیەوە.

ڕاشیگەیاند: گەمارۆ و سزا نوێیەکانی ئێران جارێکی دیکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا تاوتوێ دەکرێن. وردەکاری زیاتری لەمبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.

لارس لۆکێ ڕاسموسن وەزیری دەرەوەی دانیمارک باسی لەوە کرد کە "باڵیۆزی ئێران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەکەین، تاوەکو توڕەییمانی پێبگەیەنین سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئێران دژی گەلەکەی و لەسێدارەدانی دوو گەنج. جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە بارودۆخی ئێران بە جددیی وەربگیرێت."

هاوکات وۆپکی هۆکسترا وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداش ئاماژەی بەوە دا کە باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکەم، تاوەکو نیگەرانی قوڵی خۆمان بگەیەنین. داواشی لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە هەمان کار بکەن.

ئاماژەی بەوەش دا کە پاکێجی چوارەمی سزاکانی سەر ئێران لەبەردەم ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئامادە دەکرێت کە بڕیارە 23 ـی 01 تاوتوێ بکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئێران لەسێدارەدانی دوو گەنجی بە تاوانی کوشتنی ئەفسەرێکی ئەمنی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دژی کوژرانی ژینا ئەمینی ڕاگەیاند.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.