Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 18:56

له‌ كه‌ركووك (خانه‌ی كه‌لتووری ڕه‌نجووری) كرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%


ڕه‌نجووری (مه‌لا عومه‌ری زه‌نگنه‌، یان مه‌لا عومه‌ری شاڵبه‌گی) یه‌كێكه‌ له‌ ڕشته‌ی شاعیرانی كه‌ركووك. ڕه‌نجووری (1750- 1813) زانایه‌كی ئه‌ستێره‌ناس و كه‌شناس و شاعیرێكی به‌ توانا بووه‌. دیوانه‌كه‌ی به‌ شێوه‌زاری گۆرانه‌. ئه‌و به‌ر له‌ شاعیرانی قوتابخانه‌ی بابان (نالی، سالم، كوردی) شیعری به‌ كرمانجیی ناوه‌ڕاست (سۆرانی) نووسیوه‌. جگه‌ له‌ كوردی، شیعری به‌ زمانی دیكه‌ش نووسیوه‌.
مامۆستای كه‌ركووكناس، "خالید جاف "دوای هه‌وڵێكی زۆر كه‌ چه‌ند ساڵێكی خایاند، توانیی خانه‌ی ڕه‌نجووری له‌ گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم (زێویه‌)ی شاری كه‌ركووك دروست بكات، شوێنه‌كه‌ نزیك به‌ ئارامگه‌ی ڕه‌نجوورییه‌، به‌ یادی ئه‌و كه‌ڵه‌ زانا و شاعیره‌ به‌ وه‌جه‌ی مێژووی وێژه‌ی كورد، مامۆستا خالید جاف خانه‌ی ڕه‌نجووریی وه‌ك ناوه‌ندێكی كولتوور دامه‌زراند.
به‌ ته‌واو بوون و كردنه‌وه‌ی خانه‌ی ڕه‌نجووری له‌ 14/به‌فرانبار/2722ی كوردیدا، چرا مه‌شخه‌ڵێكی نوێی كولتوور و وێژه‌ له‌ نێو شاری كه‌ركووك هه‌ڵكرا. ئێستا ئه‌م شاره‌ی باشووری كوردستان خاوه‌نی چه‌ندین ناوه‌ند و بنكه‌ی كولتوور و وێژه‌ و زانسته‌.
خانه‌ی ڕه‌نجووری له‌ ئێستا به‌ دواوه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌ر چالاكییه‌كی كولتوور و وێژه‌ و زانست و توێژینه‌وه‌دا ده‌بێت. مامۆستای كه‌ركووكناس "خالید جاف "به‌ڕێوه‌به‌ر و دامه‌زرێنه‌ری خانه‌كه‌، ئه‌ركی به‌ڕێوه‌ بردنی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.
ئا- كامران
 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.