Erbil 38°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 00:06

وه‌زیری ته‌ندروستی: له‌ ڕێكاره‌ نوێیه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆڕۆنا بارگرانی له‌سه‌ر هاووڵاتییان دروست ناكه‌ین

کوردستان TV
100%

وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌ر ڕێكارێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بارگرانی بۆ كار و كه‌سابه‌تی هاووڵاتییان دروست ناكه‌ین.

سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ وڵاتی چین، ڕێكاری نوێی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ ڕاگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ڕێكاره‌ نوێیه‌كه‌ش هه‌ر كه‌سێك له‌ وڵاتی چین بێته‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌ڵگه‌ی پشكنینی كۆڕنای پێ بێت.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی بڕیاره‌ نوێیه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا ڕایگه‌یاندبوو: بەهۆی ئەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە وڵاتی چین سەری هەڵداوە، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا بە گرتنەبەری ڕێکارێکی نوێی خۆپارێزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆڕۆنا.

له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌، د. سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌مڕۆ سێشه‌م ڕایگه‌یاند: هەر ڕێکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر گومانێکی ڤایرۆسێکی نوێ، تەنیا مەبەست بەرژەوەندی هاووڵاتییان و خۆپارێزی دەبێت لە تەشەنەکردن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بە دڵنیاییه‌وه‌ هیچ ڕێکارێک ناکەن بارگرانی بۆ کار و کەسابەتی هاووڵاتی دروست بکات.

بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌ ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتیی ته‌ندروستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ به‌مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری ڕێكاری خۆپارێزی بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ وڵاتی چین‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌‌: به‌ تێڕوانینی سه‌رهه‌ڵدانی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنا (كۆڤید – 19) له‌ كۆماری چینی میلـلی و به‌ پشتبه‌ستن به‌ ڕاپۆرته‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتان ڕێكاری خۆپارێزییان گرتووه‌ته‌ به‌ر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ وڵاتی چین دێنه‌ وڵاته‌كه‌یان.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: داواكردنی به‌ڵگه‌ی پشكنینی كۆڕۆنا (PCR) كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌رێنی (Negative) بێت بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كۆماری چینی میلـلی دێن له‌ ماوه‌ی (72) كاتژمێر پێش هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ رۆژی 15/1/2023 ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

د. سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی ڕاشیگه‌یاند: لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا بە هاووڵاتییان دراوە کە بە نزیکەیی نیوەی دانیشتووان بەلایەنی کەم ژەمێک یان دوو ژەمی ڤاکسینی پێدراوە.

ژه‌مه‌ ڤاكسینه‌كانیش بەمشێوەیەی خوارەوە به‌سه‌ر هاووڵاتییان دراوه‌:-

49.6%  هاووڵاتی سەروو 18 ساڵ ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە

40.2%  هاووڵاتی سەروو 18 ساڵ ژەمی دووەمیان وەرگرتووە

تەنیا لە 2%ی هاووڵاتییانی سەروو 18 ساڵ ژەمی سێیەمیان وەرگرتووە

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بۆ هاووڵاتییانی سەروو 12 ساڵی 37% ژەمی یەکەم و 30% ژەمی دووەم و 1% ژەمی سێیەمیان وەرگرتووە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.