Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 13:32

چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک دادەمەزرێنرێن

کوردستان TV
100%

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ زیاترکردنی بەرهەمی کارەبا 4 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک لە ئیدارە سەربەخۆکان دادەمەزرێنێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کارەبا و زیادکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو، لە ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان چەندین یەکەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبای دامەزراندووە، ئەوەش وێڕای ئەوەی کە بەهۆی چاكسازیی لەم سێكتەرە، توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكات.

پێشڕەو نووری، بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەنگاوەكانی چاكسازیی و سیانەكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای لە ماوەی ساڵی 2022 کرد.

بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ڕابردوودا دوو یەکە لە وێستگەى بازیان بە تواناى 500 مێگاوات دامەزراوە ئێستاش 95%ی کارەکانى تەواو بووە.

پێشڕەو نووری ڕاشیگەیاند: یەکێکی دیکە لە کارەکان دەستكردنە بە دامەزراندنى (combine cycle ) لە وێستگەى بازیان بە تواناى 250 مێگاوات کارەبا کە لەو وێستگەیە سوود لە گەرمى دەرچوو لە گزۆزەکانى تۆرباینەکانى دیکەی وێستگە لە کاتى ئیشکردن وەردەگیرێت.

ئاماژەی بەوەش دا کە بە هەمان شێوەی وێستگەی بازیان لە وێستگەی گازی خۆرمەڵەش دەستکراوە بە کارەکانى دیزاین و ڕووپێوکردن لە وێستگەى گازى خورمەڵە بۆ دامەزراندنى (combine cycle ) بە تواناى 500 مێگاوات کە ئەویش بە سوود وەرگرتن لە گەرمى دەرچوو لە گزۆزەکانى تۆڕباینەکانى ترى وێستگە لەکاتى ئیشکردن.

باسی لەوەش کرد کە لە هەنگاوێکی دیکەی وەزارەتی کارەبادا بۆ زیاترکردنی بەرهەمی کارەبا و دوای ئەوەی کە ئەنجامدانی گرێبەست، دەستکرا بە کارەکانى ئامادەکارى و دیراسەکردن و کۆکردنەوەى داتا و زانیارى پێویست بۆ دامەزراندنى 3 وێستگەى بەرهەم لە رێگاى وزەى خۆر بە تواناى 25 مێگاوات کارەبا بۆ هەر یەکێکیان کە 2 وێستگەیان دەکەونە پارێزگاى هەولێر و وێستگەیەکیشان دەکەوێتە پارێزگاى دهۆک.

بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا باسی لەوەش کرد کە هەر لە ساڵی ڕابردوودا کارەکانى دامەزراندنى گەورەترین وێستگەى وزەى خۆر لە سەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان لەناو زانکۆى دهۆک تەواو کرا بە تواناى 2 مێگاوات لە ڕۆژى 21ـی کانوونی یەکەمی 2022 دەستى بە بەرهەمهێنان کرد، کە پێکهاتووە لە 3 هەزار 782 پەنەڵى وزەى خۆر لە سەر رووبەرى 20 هەزار و 400 مەتر دووجا.

پێشڕەو نووری هەروەها گوتی: هاوتەریب لەگەڵ وێستگەکانى وزەى خۆر و بە مەبەستى زیادکردنى ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا له سەرچاوەکانى وزەى خاوێن گرێبەست کرا بۆ دامەزراندنى 4 وێستگە کە ناسراون بە (Kinetic power Plant) لە هەر 4 ئیدارە سەربەخۆکانى هەرێمى کوردستان کە لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران 100 مێگاوات کارەبا و لە ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ ١٠٠ مێگاوات و لە ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەرین 50 مێگاوات کارەبا و لە ئیداەرى سەربەخۆى گەرمیان 50 مێگاوات کارەبە بەرهەم دەهێنرێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا ئێستا زەوی پێویست لەهەر چوار شوێن ڕادەستى کۆمپانیاى وەبەرهێنان کراوە، ئیستا لە قۆناغى دیزاین و ئامادەکارییە بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان.

هەروەها دەڵێت: لەهەمان کاتدا 4 وێستگەی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا کە وەستابوون و کاریان نەدەکرد نۆژەنکراونەتەوە و دووبارە بە سووتەمەنییەکى زۆر هەرزان کارە دەکەن بە جۆرێک کە تێچووى بەرهەم هێنان بە شێوەیەکى بەرچاو کەمى کردووە، وێستگەکانیش بریتین لە وێستگەى 51 مێگاواتى تاسڵوجە، وێستگەى 29 مێگاواتى هەولێر، وێستگەى 29 مێگاواتى سلێمانى و وێستگەى 29 مێگاواتى دهۆک کە لە 90%ی کارەکانیان تەواوبووە.

پێشڕەو نووری، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێستا 95%ی کارەکانى پرۆژەى هایدرۆپاوەرى دێرەلوک تەواو بووە لە بەرنامەدایە کە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەت بکرێت بە مەبەستى ئیشپێکردن و سیانەکردنی بۆ ماوەى 7 ساڵ کە لە پلاندایە دواى تەواوبوونى کارەکانى وێستگە دەست بەکاربن بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.

هەروەها گوتی: یەکێکی دیکە لە کارەکانی وەزارەتی کارەبا بە سوود وەرگرتن بوو لە گازى بە فیرۆچووى بیرە نەوتەکان و بۆ ئەوەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى وەبەرهێنان کرا بۆ دروستکردنى وێستگەیەکى بەرهەمهێنانى کارەبا بە تواناى 100 مێگاوات کارەبا لە قۆناغى یەکەم و دواتر زیادکرنى تواناى بەرهەمهێنان بۆ 300 مێگاوات بە پێی ئەو غازەى بەردەست دەبێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا، وەزارەتەکەیان بەردەوام کاری سیانە کردنی بۆ هەردوو وێستگەی کارۆ ئاوی دووکان و دەربەندیخان ئەنجام داوە و ئێستا لە وێستگەی کارۆ ئاوی دووکان لە ئیستادا لە کۆى 5 یەکە 4 یەکەیان ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنان، بەڵام لەبەر کەمى ئاستى ئاو و کەمى باران تواناى بەرهەمهێنان سنووردار کراوە، بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ بڕی ئاوى ڕۆیشتوو لە بەنداوى دووکان.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە لە وێستگەى دەربەندیخان درێژە بە کارەکان سیانە دراوە لە لایەن ئەندازیاران و تەکنیکارانى ئەم وێستگەیە بە جۆرێک کە ئێستا لە کۆى 3 یەکە 2 یەکەیان ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنان، بەڵام بەهەمان هۆکارى کەمى ئاست ئاو تواناى بەرهەم سنووردار کراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.