Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:04

"25مین جامی کەنداوی عەرەبی" قەیرانی نێوان عێراق و ئێران

کوردستان TV
100%


- پاڵەوانێتی "جامی کەنداوی عەرەبی"، ھەر دوو ساڵ جارێک بە بەشداری عێراق، سعوودیە، سوڵتانیشینی عومان، کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات و یەمەن بەڕێوەدەچێت. ئەمە دووەمین جارە کە عێراق میوانداری ئەو پاڵەوانێتییە دەکات، دوای ئەوەی جاری یەکەم لە ساڵی 1979 لە بەغدا میوانداری کرد. عێراق لە مێژووی خۆیدا سێجار لە ساڵانی 1979، 1983 و 1988 نازناوی پاڵەوانێتیەکەی بەدەستھێناوە.

پاڵەوانێتی "جامی کەنداوی عەرەبی" بووە هۆی ناکۆکی نێوان عێراق و ئێران و گوزارەی "کەنداوی عەرەبی" وای لە تاران کرد، ناڕەزایەتییەکانی بگەیەنێتە بەرپرسانی بەغدا و باڵیۆزی عێراق بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە بکات. ئەگەرچی ئەو گوزارەیە بۆ 25مین جارە بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەوە بۆ ئێران بوو بەمایەی نیگەرانی کە بەرپرسانی عێراق و لەسەرووی هەموویانەوە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لە گوتاری کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا بەکاری بهێنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەر زوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "کەنداوی فارسی کەنداوی فارسە و ھیچ شتێک لە میانی یارییەکی تۆپی پێ، یان ھەڵوێستی بەرپرسانی دەوڵەتانی دەرەوە، ناتوانن ئەو راستییە مێژووییە بگۆڕن".

ھەر دوو ساڵ جارێک پاڵەوانێتی "جامی کەنداوی عەرەبی" بە بەشداری عێراق، سعوودیە، سوڵتانیشینی عومان، کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات و یەمەن بەڕێوەدەچێت و رۆژی شەشی ئەم مانگە، ئاھەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە باشووری عێراق بەڕێوەچوو کە 65 هەزار ھاندەر و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی عێراق وڵاتانی ناوچەکە، ھەروەھا سەرۆکی ھەریمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (FIFA)، جیانی ئینفانتینۆ ئامادەی ئاھەنگەکە بوون.

ھەریەک لە ھەڵبژاردەکانی عێراق، سعوودیە، سوڵتانیشینی عومان، کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات و یەمەن بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون.

ئەمە دووەمجارە عێراق میوانداریی پاڵەوانێتییەکە بکات، دوای ئەوەی جاری یەکەم لە ساڵی 1979 لە بەغدا میوانداریی کرد و لە مێژووی خۆیدا سێجار لە ساڵانی1979، 1983 و 1988 نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستھێناوە.

ــ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگاکانی مینا و نێودەوڵەتیی بەسرە بەڕێوەدەچن

یاریگای مینا لە ساڵی 2012 دروست کراوە و لە ساڵی 2022دا لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە نۆژەنکراوەتەوە، ھەروەھا 30 ھەزار ھاندەر دەتوانن بۆ بینینی یارییەکان لە یاریگاکەدا، ئامادەبن.

یاریگای نێودەوڵەتیی بەسرە لە ساڵی 2013دا دروستکراوە و لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە نۆژەنکراوەتەوە، ھەروەھا 65ھەزار ھاندەر دەتوانن بۆ بینینی یارییەکان لە یاریگاکەدا، ئامادەبن.

یارییەکانی کۆمەڵەی (A) کە ھەڵبژاردەکانی عێراق، سوڵتانیشینی عومان، سعوودیە و یەمەن لەخۆدەگرێت لە یاریگای نێودەوڵەتیی بەسرە ئەنجامدەدرێن.

ھەروەھا یارییەکانی کۆمەڵەی (B) کە ھەڵبژاردەکانی قەتەر، کوێت، بەحرێن و ئیمارات لەخۆدەگرێت لە یاریگای مینا ئەنجامدەدرێن.

ھاوکات یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندووە کە ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی جیاواز و سەرکەوتوو پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەبچێت.

بۆ یەکەمجارە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، سیستمی "VAR" بەکاردەھێنرێت کە پێشتر لە ھیچ پاڵەوانێتییەکی دیکەی کەنداودا بەکارنەھاتووە.

خەڵاتێکی دارایی گەورە بۆ براوەی جامی پاڵەوانێتییەکە دانراوە و ئەوەی جامەکە بەدەست بھێنێت، بە یەک ملیۆن دۆلار خەڵات دەکرێت و خاوەنی پلەی دووەمیش بە 750 ھەزار دۆلار خەڵات دەکرێت.

عێراق بەھۆی داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1990 لەسەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا، لەنێوان ساڵانی 1992 تا 2003 بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا نەکرد.

عێراقییەکان لە رێگای پاڵەوانێتییەکە ھەوڵدەدەن وێنەیەکی جوانی میواندارکردنی خۆیان نیشانی خەڵکی ناوچەی کەنداو بدەن، چونکە لەگەڵ دەست پێ کردنی پاڵەوانێتییەکە، خەڵکی بەسرە بەنەرێتی خۆیان، میواندری ئەو کەسانەیان کردووە کە لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ بینینی یارییەکان روویان لە شاری بەسرە کردووە.

ھەروەھا میواندرایکردنی بەسرە بۆ پاڵەوانێتییەکە، دەرفەتێکی باشە بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی و کەرتی گەشتوگوزار شارەکە.

- "25مین جامی کەنداوی عەرەبی" قەیرانی نێوان عێراق و ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی دژبە بەکارھێنانی "کەنداوی عەرەبی" ھاتە دەنگ و رایگەیاند، "ناڕەزایەتییەکانی خۆمان دژبە بەکارھێنانی ئەو وشە ساختەیە گەیاندووەتە بەرپرسانی بەغدا".

ناسر کەنعانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، بەبێ ناوھێنانی موقتەدا سەدر، بەکارھێنانی وشەی 'کەنداوی عەرەبی' سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، بەر لەوەی ئەو بابەتە لە میدیاکاندا باس بکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەیە دژەکردەوەی نیشان داوە".

پێشتر موقتەدا سەدر لە تویتێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی جامەکە نووسیبووی ''بەخێرھاتنی میوانانی عەرەبی کەنداوی عەرەبی دەکەین".

ھاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە دەستپێکی یارییەکانی جامی کەنداودا بە ھەمان شێوە گوزارەی "کەنداوی عەرەبی" بەکار ھێنابوو.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە "کەنداوی فارسی کەنداوی فارسە و ھیچ شتێک لە میانی یارییەکی تۆپی پێ، یان ھەڵوێستی بەرپرسانی دەوڵەتانی دەرەوە، ناتوانن ئەو راستییە مێژووییە بگۆڕن".

گوتیشی: "ئێمە دەستبەجێ ناڕەزایەتییەکانی خۆمان گەیاندووەتە حکوومەتی عێراق و بەدواداچوونیشی بۆ دەکەین".

کۆمپانیای پۆستەی عێراقی بەبۆنەی ئەنجامدانی 25ھەمین پاڵەوانێتی جامی کەنداو لە شاری بەسرە باشووری ئەو وڵاتە، دەستی بە چاپکردنی پولی تایبەت بە پاڵەوانێتییەکە کردووە و "کەنداوی عەرەبی" لەسەر نووسیوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە بۆ ناڕەزایەتیی دەبڕین لەهەمبەر بەکارهێنانی ئەو گوزارەیە، باڵیۆزی عێراق لە تاران، نەسیر عەبدولموحسن بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و جەخت لە نیگەرانییەکانی ئێران لەم بارەیەوە کراوەتەوە.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.