Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 20:41

بۆ بەفیڕۆنەچوونی پارە و کاتی هاووڵاتییان؛ حکوومەت ئەم کارە ئەنجام دەدات

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەفیڕۆنەچوونی پارە و كاتی هاووڵاتییان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ئەلیکترۆنی دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی چاكسازییەكانی خۆیدا، لەپێناو بەفیڕۆنەچوونی پارە و كاتی هاووڵاتییان، تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە ئەلیكترۆنی دەكات و نرخی تۆماركردنیش كەم دەكاتەوە. پێشبینییش دەكرێت ئەو ئاسانكارییە لە هەریمی كوردستان، ببێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی تۆماركردنی كۆمپانیاكان.

بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند: لە ساڵانی پێشوودا تۆمارکردنی ناوی بازرگانی تێچوویەکی زۆری هەبووە و لە 500 هەزار تا سەرووی ملیۆنێک دیناری تێدەچوو. هەروەها بۆ وەرگرتنی ناوی بازرگانی، پێویستی بە ڕۆتینێکی زۆر هەبوو؛ وەكوو سەردانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان یان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، ئەوەش دەبووە هۆی ماندووکردنی هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات.

ڕاشیگەیاند: لەپێناو ئاسانكاری و چاکسازی لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە پسپۆڕیی پێدانی ناوی بازرگانی لە یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و لەلایەن خودی حکوومەتی هەرێمەوە ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەش بکرێت، ئەم خزمەتەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان سپێردراوە.

بڵند محەمەد هەروەها گوتی: وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پەیڕەوێکمان ئامادە كرد کە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا، ئەو چاکسازییانە و ئەو ئاسانکارییانەی بەو هۆیەوە كران بریتین لە:

یەکەم، پێدانی هەر ناوێکی بازرگانی بە 50 هەزار دینار، كە پێشتر لە 500 هەزار تا سەروو ملیۆنێك دینار بوو.

دووەم، کەمکردنەوەی ڕۆتین وگەڕاندنەوەی كات، چونكە مامەڵە تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانەوە دەكرێت و لە ماوەی یەک ڕۆژدا ناوی بازرگانی تۆماردەكرێت.

سێیەم، ئەگەر ناوی كۆمپانیا، هەر ناوێك یان ژمارە بێت، گەر ماناداریش نەبێ، بە مەرجێک پێچەوانەی نیزامی گشتی و ئادابی گشتیی هەرێمی کوردستان نەبێ، ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری و وا دەکات کە ناوی بازرگانی بە ئاسانی بەدەستبێت و بە ئاسانییش پڕۆسەی تۆماری کۆمپانیا ئەنجام بدرێ.

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان باسی لەوە کرد کە تاوەکو ئێستا 31 هەزار و 921 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، 28 هەزار و 579 کۆمپانیایان ناوخۆیین و 3 هەزار و 342 کۆمپانیاش لقی کۆمپانیای بیانین. لە ساڵی 2022ـدا هەزار و 79 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. پێشبینی دەکەین دوای ئەو ئاسانکارییانەی ئێمە كردوومانن، ڕێژەکە دوو بەرانبەر بەرزبێتەوە، لەبەر ئەوەی کۆمپانیا بە ئاسانترین شێوە و بە کەمترین کات و کەمترین تێچوو تۆمار دەکرێت.

سەبارەت بە چاكسازییەكانی ئەو بوارەش دەڵێت: پارساڵ ئەو چاکسازییە سەرەتاییانەی ئێمە کردبوومان، بووە هۆی تۆمارکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیاکان بەراورد بە ساڵانی پێشوو، بۆنموونە پارساڵ نزیکەی 2 هەزار و 300 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان دامەزراون و ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیاش پاکتاو کراون، ئەگەر سەرجەمیان بەراورد بکەین، ئاسانکارییەکان لەمساڵەوە بەدیاردەکەون.

دەشڵێت: لەسەر بنەمای شۆڕكردنەوەی دەسەڵات، پڕۆسەی پێدانی ناوی بازرگانی بە شاری دهۆک و سلێمانی و هەولێر دراوە. ئەمەش وادەکات پێویست نەکات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بکەن، بەڵكوو لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیا و ناوی بازرگانیی شارەکان ئەم خزمەتە بەدەستبهێنن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش دا کە ڕۆژی دووشەممە، 09ـی 01ـی 2023 پڕۆسەی پێدانی ناوی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان دەستی پێ كردووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.