Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 11:49

هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی بۆ ئه‌ڵمانیا

کوردستان TV
100%

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق زانیاری و هۆكاره‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا ئاشكرا كرد كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای حكوومه‌ت بۆ ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێ كه‌وت.

محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ر له‌ جێهێشتنی عێراق ڕایگه‌یاند: ئه‌م سه‌ردانه‌مان بۆ ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن چه‌ند لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ ئاماده‌كاری بۆ كراوه‌ و به‌دڵنیاییشه‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌ جیاواز ده‌بێت له‌ سه‌ردانه‌كانی پێشووی به‌رپرسان و له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ئه‌ڵمانیا چه‌ندان گرێبه‌ستێكی گرینگ واژوو ده‌كه‌ین.

ڕاشیگه‌یاند: یه‌كێك له‌و بابه‌ته‌ گرینگانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌ڵمانی به‌ ڕژدی تاوتوێی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بابه‌تی كاره‌بایه‌ كه‌ گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (سیمنس) واژوو ده‌كه‌ین بۆ پێشخستنی كه‌رتی كاره‌با له‌ عێراقدا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: گرێبه‌سته‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كه‌ ماوه‌ درێژ ده‌بێت و چاودێری و چاككردنه‌وه‌ و به‌دواداچوونیش له‌خۆ ده‌گرێت.

محه‌مه‌د شیاع سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: هه‌ر له‌ سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ ئه‌ڵمانیا ده‌رفه‌ت و گرێبه‌ستی گرینگ ده‌خرێته‌ڕوو و واژوو ده‌كرێت له‌ بواره‌كانی غازی سروشتی و كه‌رتی پرۆتۆكیمیاوی و گه‌شه‌پێدانی ئابووری و هه‌روه‌ها فه‌راهمكردنی كه‌شێكی گونجاو بۆ هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا ئه‌ڵمانیایانه‌ی كه‌ دێنه‌ نێو خاكی عێراقه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی كاركردن.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا چاویان به‌ به‌رپرسانی باڵای ئه‌ڵمانیا و به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌وێت.

جێی باسه‌ نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی و به‌رپرسانی باڵای عێراقی بۆ ئه‌ڵمانیا ماوه‌ی دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.