Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:26

جامی كه‌نداوی 25.. ئه‌مڕۆ دوو یاریی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ دوایین یارییه‌كانی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی جامی كه‌نداوی 25 له‌ به‌سڕا، دوو یاریی گرینگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن و تێیدا دوو هه‌ڵبژارده‌ به‌فه‌رمی ده‌گه‌نه‌ یاریی پێش كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌.

هه‌ردوو یارییه‌كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا و كاتژمێر 6 به‌كاتی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چن، له‌ یاریی یه‌كه‌مدا هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێن ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی كوێت ده‌بێته‌وه‌.

هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێنی پاڵه‌وانی جامی كه‌نداوی ڕابردوو، به‌ دوو سه‌ركه‌وتنی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 6 خاڵ ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می گرتووه‌، به‌ڵام بێگومان سه‌ركه‌وتنی بۆ یاریی پێش كۆتایی مسۆگه‌ر نه‌كردووه‌.

له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ڵبژارده‌ی كوێت كه‌ 3 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ یاریی ڕابردوودا به‌ گۆڵێكی بێ وه‌ڵام له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئیماڕاتی برده‌وه‌، ده‌یه‌وێ درێژه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی بدات و خاڵه‌كانی بكاته‌ 6 بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ پلیته‌كانی یاریی پێش كۆتایی جامی كه‌نداو به‌ده‌ستبێنێ، به‌ڵام بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ ده‌بێت چه‌ند گۆڵێك تۆمار بكات و له‌ هه‌مان كاتیشدا چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی یاریی دووه‌میش بكات.

له‌ یاریی دووه‌مدا هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕ و ئیماڕات یاری ده‌كه‌ن، هه‌ڵبژارده‌ی ئیماڕات به‌ دوو شكست و به‌بێ خاڵ هیوای بۆ سه‌ركه‌وتن نه‌ماوه‌، به‌ڵام هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕ كه‌ ئێستا 3 خاڵی هه‌یه‌ و به‌ جیاوازی گۆڵ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی كوێت له‌ ڕیزبه‌ندی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ دێت، ته‌نیا به‌یه‌ك ئامانج دێته‌ ناو یاریگه‌ ئه‌ویش سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ قۆناغی داهاتوو و یاریی پێش كۆتایی جامی كه‌نداو.

له‌ هه‌رسێ هه‌ڵبژارده‌ی ڕكابه‌ری كۆمه‌ڵه‌كه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئیماڕات كه‌ هیچ هیوایه‌كی نه‌ماوه‌، چانسی هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێن له‌ هه‌موویان زیاتره‌ بۆ گه‌یشتن به‌ یاریی پێش كۆتایی، به‌ڵام به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجه‌ش تا خوله‌كی 90ی یارییه‌كه‌ یه‌كلایی نابێته‌وه‌.

جێی باسه‌ شه‌وی ڕابردووش له‌ دوا یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م 2 یاریی گرینگی تر به‌ڕێوه‌ چوون، له‌ یاریی یه‌كه‌مدا هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ و به‌ 5 گۆڵی بێ وه‌ڵام له‌ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌نی برده‌وه‌، هه‌ڵبژارده‌ی عومانیش به‌ ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سعوودییه‌ی برده‌وه‌، به‌مه‌ش هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ و به‌یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بۆ یاریی پێش كۆتایی سه‌ركه‌وت، هه‌ڵبژارده‌ی عومانیش به‌هه‌مانشێوه‌ به‌ 7 خاڵ به‌ڵام به‌ جیاوازی گۆڵ به‌ دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ بۆ قۆناغی داهاتوو سه‌ركه‌وت.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.