Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 04:36

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا

کوردستان TV
100%

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەمانەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ عێراق هەڵدەینەوە.

ئەمڕۆ هەینی 13ـی 01ـی 2023 محەمەد شیاع سوودانی لە میانی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا لەلایەن ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا.

ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند: هێزەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش هاوکاربوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

سەبارەت بە دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی عێراق شۆڵتز ڕاشیگەیاند: لەگەڵ پێكهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ئێمە دەمانەوێ پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ عێراق هەڵدەینەوە و عێراقیش لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی جەختی کردەوە کە چاکسازی ئابووری دەکات و دەرفەتی کار دەرەخسێنێت و خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی وڵاتەکەی باشتر دەکات، ئێمەش پشتیوانی خۆمان دووپات کردەوە بۆ ئەوەی لەڕووی ئابوورییەوە پەیوەندییەکانمان باشتر بکەین سووربوونی خۆمان لەسەر ڕێککەوتنی نێوان کۆمپانیای سیمێنس و وەزارەتی کارەبای عێراق دووپات کردەوە.

گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنە بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێت نەک تەنیا بۆ وزە و تەزووی کارەبا، بەڵکوو بۆ باشترکردنی تۆڕەکانی کارەبا، کۆگەکانی غاز ئێمە هاوکاری عێراق دەکەین، تاوەکوو عێراق بەرەوپێش بچێت لە هەموو بوارەکاندا.

سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق شۆڵتز پشتیوانی خۆی دووپاتی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە "ئێمە پشتیوانی خۆمان لەڕێگەی وزەی نوێبووەوە بۆ عێراق دەردەبڕین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، ئەمە لەکاتێکدا کە عێراق پێنجەم وڵاتە کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای تێدا دەرکەوتووە."

هاوکات ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش دا کە قسەمان سەبارەت بە چۆنییەتی گەڕاندنەوەی ئێزیدییەکان بۆ شوێن و زێدی خۆیان کرد، هەروەها گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەنابەران بەگشتیی بۆ زێدی خۆیان یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەمان.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ستایشی ڕۆڵی ئەڵمانیای لە هاوکاریکردنی عێراق لەڕووی مرۆیی و شەڕی داعش کرد و ڕایگەیاند: هەمیشە هاوکارییەکانی ئەڵمانیامان بۆ عێراق لەبەرچاوبووە.

ڕاشیگەیاند: لە بەرنامەی حکوومەتەکەمدا هەیە کە خزمەتگوزاریی دابین بکەم و ڕووبەڕووی گەندەڵی ببمەوە چاکسازی ئابووری بکەم.

ڕاشیگەیاند: لایەنێکی گرنگی چاکسازی پەیوەستە بە بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتی و بەرهەمهێنان لە بواری پترۆ کیمیایی، عێراق سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی زۆرە، پێویستە بزانین چۆن سوودی لێ وەردەگرین.

سوودانی هەروەها گوتی: لە کۆبوونەوەکە باسمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی  گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کرد، ئێمە جددین بۆ قۆناغەکانی داهاتوو ئێمە سوود لە ئەزموونی ئەڵمانیا ببینین.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکارییەکانی و ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە کردۆتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.