Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 04:50

وادەی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەسەر کەمدەرامەت و کرێنشینان ئاشکرا دەکرێت

کوردستان TV
100%

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە ماوەی کۆتاییهاتنی پڕۆژەی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون وەکوو دانراوە دوو ساڵە و پێویستە تەواو بکرێت و بدرێت بە خەڵک، هەروەها پڕۆسەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت تەنیا خۆی لەم ژمارەیە نابینێتەوە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی بەردەوامی چەند ساڵی داهاتووە و فراوانتر دەکرێت.

د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند: دەستەکە ئاسانکارییەکی تەواو بۆ وەبەرهێنەران دەکات و ساڵی ڕابردووش 89 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوەتە وەبەرهێنەران و پلانیان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو 30% بۆ 50% ژمارەی وەبەرهێنان زیاد بکەن.

ڕاشیگەیاند: بەراورد بە ساڵی 2021 ژمارەی مۆڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان 15% زیادیان کردووە و ئەوەش هەنگاوێکی باشە و مانای زیادبوونی کاری ئەو پڕۆژانەیە کە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات و زەمینەسازیی ئێمەشە لەڕووی ئاسانکاریی وەبەرهێنەران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. لە هەمانکاتدا 429 پڕۆژە لە هەموو هەرێمی کوردستان پەسەند کراون و لەساڵی 2023 مۆڵەتیان پێدەدرێت و بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە پڕۆژە.

سەبارەت بە هەوڵی وەزارەتەکان بۆ دابینکردنی ڕێژەیەک لەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بۆ چین و توێژەکان تایبەتەکان دروست دەکرێن د. محەمەد شوکری باسی لەوە کرد کە "پڕۆسەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران تەنیا خۆی لەم ژمارەیە نابینێتەوە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی بەردەوامی چەند ساڵی داهاتووە بۆ ئەوەی خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشین لە هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەربگرن."

باسی لەوەش کرد کە تێکڕا لە هەرێمی کوردستان سەرووی  200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە، بەشێکی زۆری خەڵکی کەمداهات یان خەڵکی ئابووریی مامناوەند سوودیان لێی وەرگرتووە، بەڵام بەشێکی زۆریش سوودمەند نەبوون، ئامانجی سەرۆک وەزیران ئەوەیە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لێیان، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەم پڕۆژەیە بوو، ئێستاش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لە هەندێک شاریش خەریکی جێبەجێکردنین.

سەبارەت بە پێشنیاری وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە 18 تاوەکوو 24 ساڵە و لە خانەی بێسەرپەرشتانن، گوتی: بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئێمە هاتووە، ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بۆ ئەم توێژە دیاریکراوە جێبەجێ بکەین و پشتگیرییش دەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕۆسەکە جێبەجێ بکرێت.

سەبارەت بە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە شارەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: پڕۆسەی دروستکردنی شوقەکان لە زاخۆ دەستی پێ کردووە و لە هەولێریش لە ماوەیەکی نزیک دەستپێدەکرێت، لە شارەکانی دیكەش بەهەمانشێوە خەریکی ڕێکاری وەرگرتنی زەوین و وەبەرهێنەران دەستنیشان کراون و دەستنیشان دەکرێن، بۆ ئەوەی پڕۆژەکان بەپێی ئەو ژمارەیەی بۆ ئەو پارێزگایە یان ئەو ئیدارە سەربەخۆیەی دانراوە جێبەجێ بکرێت .

سەبارەت بە ماوەی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون د. محەمەد شوکری ئاماژەی بەوەش دا کە "ماوەی کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە وەکوو دانراوە دوو ساڵە، پێویستە لەم دوو ساڵە تەواوبکرێت و بدرێت بە خەڵک."

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی قستی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون ئاماژەی بەوەش دا کە "بە یەک پێشەکی بە قستی درێژخایەن بۆ ماوەی 15 ساڵ، بۆ هەر سێ توێژ دروست دەکرێت، لەپاڵ ئەوەشدا 9 هەزار و 4 یەکەی نیشتەجێبوونی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەن، لەلایەن ئەوان دابەش دەکرێت، پێویستە تەمویلی بکەین، بەشێکی زۆری بە ڕێژەی 30% تاوەکوو 90% ئیشیان لەسەر کراوە، ئەمانیش پێویستییان بە بوودجەیە و لەگەڵ ئەم 20 هەزار شوقەیەی تەواو دەکرێن و سوودیان لێ دەبینرێت، ئامانج ئەوەیە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان سوود لەم دوو پڕۆژەی شوقەیە وەربگرن و بەسەر ئەواندا دابەش بکرێن."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.