Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 12:17

هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكرێت

کوردستان TV
100%

نرخی دۆلار لە عێراق بەرز دەبێتەوە، دەسەڵاتدارانیش هەوڵی سنوورداركردنی دابەزینی دینار دەدەن،لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەرەوە نرخی دیناری عێراقی نزیكەی 10%ی بەهاكەی لەدەستداوە.
ماوەی نزیكەی دوو مانگە نرخی دیناری عێراقی هەڵاوسانی بەرامبەر بە دۆلار بەخۆیەوە بینیوە، شارەزایانیش ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ دەستپێكردنی پابەندبوونی عێراق بە ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەكانی گواستنەوەی دارایی بە دراوی ڕەق، هاوكات لایەنەكانی ئەو وڵاتە واشنتۆن بە بەرپرسیار دەزانن لەم دابەزینە.
لەكاتێكدا نرخی دراوی ناوخۆیی لە بازاڕدا 1470 دینارە بەرامبەر یەك دۆلار، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە نرخی دراوی ناوخۆیی لە بازاڕدا دابەزیوە بۆ 1600 دینار لە سەرەتای هەفتەدا، پێش ئەوەی لە نزیكەی 1570 دینار جێگیر ببێت، واتە دراوی عێراقی نزیكەی 10%ی بەهاكەی لەدەستداوە.
ئەم دابەزینە بە گەورە نازانرێت، بەڵام عێراقییەكانی نیگەران كردووە، چونكە كەرەستەی هاوردەكراو، وەك غاز و گەنم، گران بووە.
لەوبارەیەوە مەزهەر ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هۆكاری بنەڕەتی و بنەڕەتی ئەم دابەزینە "كۆت و بەندێكی دەرەكییە".
هەروەها هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، ئەمریكییەكانی بەوە تۆمەتباركرد كە "فشاریان لەسەر عێراق دروستكردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە كرانەوەی عێراق بەڕووی ئەوروپا و وڵاتاندا بكەن. 
لەلایەكی دیكەوە، ئەحمەد تەبەكشلی شارەزای ئابووری پێی وایە "بەپێچەوانەی دەنگۆ و زانیاری هەڵە، هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر فشاری ئەمەریكا بۆ سەر عێراق"، هاوبەشی گرنگی ئابووری و بازرگانی ئێرانی دراوسێیە.لەڕاستیدا ناجێگیری دینار پەیوەستە بە دەستپێكردنی پابەندبوونی عێراق بە هەندێك ستانداردی سیستەمی گواستنەوەی نێودەوڵەتی (سویفت) كە دەبێت بانكە عێراقییەكان لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەرەوە جێبەجێی بكەن بۆ دەستگەیشتن بە یەدەگی دۆلاری عێراق لە ئەمریكا.

بە گوتەی تەبەكشلی،بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت دەستی بەو یەدەگانە بگات، كە بڕەكەی 100 ملیار دۆلارە، ئێستا دەبێت پابەندی ئەو سیستمانە بێت كە “پێویستی بە پابەندبوونە بە بڕگەكانی دژە سپیكردنەوەی پارەی نێودەوڵەتی، بڕگەكانی دارایی دژە تیرۆر و ئەوانەی پەیوەندییان بە سزاكانەوە هەیە.
دەشڵێت، ئەو بابەتە پەیوەندی بە هاتنە ناوەوەی عێراقەوە هەیە "لە چوارچێوەی سیستەمێكی گواستنەوەی دارایی جیهانیدا كە پێویستی بە پلەیەكی بەرزی شەفافیەت هەیە"، بەڵام ئەوە "شۆكی" بۆ زۆرێك لە بانكە عێراقییەكان دروستكرد "چونكە ڕاهاتوون لەسەر ئەم سیستەمە".
هەروەها مەزهەر ساڵح ڕوونی كردەوە كە پێویستە بانكەكانی عێراق ئێستا "گواستنەوەكانیان (بە دۆلار) لەسەر پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی تۆمار بكەن، داواكارییەكان بپشكنن ، یەدەگی فیدراڵییش پشكنینیان بۆ دەكات، ئەگەریش گومانی هەبێت، ئەوا گواستنەوەكە ڕادەگرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەوەتەی جێبەجێكردنی ئەو سنوورداركردنانە دەستیپێكردووە، یەدەگی فیدراڵی "لەسەدا 80ی داواكارییەكانی" بۆ حەواڵەكردن بۆ بانكە عێراقییەكان ڕەتكردووەتەوە،چونكە گومانیان بۆ دروست بووە لەسەر مەبەستی كۆتایی ئەو پارانە كە دەگوازرێنەوە.
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو، بانكی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەكدا باسی لە گەڕانەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ ئەو ئاستەی لە ماوەی دوو هەفتەدا كرد و "گێژاوی نرخی دۆلار"ی بە "دۆخێكی كاتی" وەسفكرد.
لەم نێوەندەدا دەسەڵاتدارانی عێراق چەندین ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر، لەوانە ئاسانكاری بۆ دابینكردنی دارایی بازرگانی كەرتی تایبەت بە دۆلار لە ڕێگەی بانكە عێراقییەكانەوە، هەروەها كردنەوەی دەرچەی فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانكە حكومییەكان بۆ ڕای گشتی بۆ مەبەستی گەشتكردن.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا "سەرجەم دەزگا حكومییەكان پابەند بكەن بە فرۆشتنی سەرجەم كەلوپەل و خزمەتگوزارییەكانی ناوخۆی عێراق بە دینار و بە نرخی بانكی ناوەندی كە (1470) دینارە بە یەك دۆلار".
سەرەڕای دابەزینی نرخی دینار، بەڵام ڕێژەی هەڵاوسان هێشتا كەمە و بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانان لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2022 ڕێژەی ساڵانە گەیشتووەتە 5.3%، بەڵام نیگەرانییە ڕاستەقینەكان پەیوەندییان بە توانای كڕینی دانیشتوانەوە هەیە. چونكە عێراقییەكان مووچەیان سنووردارە، مووچەكانیشیان بە دیناری عێراقی وەردەگرن.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.