Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 12:21

وەزیری ناوخۆی عێراق: هێزەكانی پێشمەرگە بەشێكن لە پڕۆسەی توندوتۆڵتركردنی سنوور

کوردستان TV
100%

عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، رایگەیاند : سنووری عێراق ھێڵی سوورە و بۆ توندوتۆڵتركردنی ھیچ كەمتەرخەمییەكی لێ ناكەن .
 هەروەها گوتی:  شەش ھەزار پۆلیس لە بنكەكانی سنوور لەگەڵ توركیا و ئێران لە ھەرێمی كوردستان جێگیركراوەو ھەماھەنگییەكانیشمان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و ھێزەكانی پێشمەرگە بەشێكن لە پڕۆسەی توندوتۆڵتركردنی سنوور، ھەروەھا ناوەندی ھەماھەنگی ھاوبەش لەنێوان فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە دامەزراوە.
شەممەری ئاماژەی بەوەشدا كە بە ئامانجی جێبەجێكردنی بڕیاری كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان لەگەڵ ئێران و توركیا و گرتنەبەری رێوشوێن بۆ توندوتۆڵتركردنی سنوورەكان، بوودجەی تایبەت تەرخان كراوە، هەروەها دەست كراوە بە دروستكردنی بنكەو دانانی كامێرا و تاوەری چاودێریی.
وەزیری ناوخۆی عێراق، هەروەها باسی لەوەش كرد كە لە ‌سنووری سووریا، بەدرێژایی 65 كیلۆمەتر بەربەستی كۆنكرێتی لە سنووری قەزای شنگال دانراوە و بەم زووانە و بە ئامانجی توندوتۆڵتركردنی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی دانانی كامێرای چاودێری دەكەین.
جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی كە سنووری عێراق ھێڵی سوورە و بۆ كۆنترۆڵكردنی ھیچ كەمتەرخەمییەكی لێ ناكەن و گوتی: ھەوڵدەدەین لەگەڵ ھەموو وڵاتان رێگریی بكەین لە دزەكردن و قاچاخچێتی.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.