Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 14:32

ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکوومەت بۆ بەغدا تاوتوێ دەکات

کوردستان TV
100%

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەممە15ـی 01ـی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ( 100)ـەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا.

‎لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندی دانوستانی حکەومەتی فیدراڵ لە 11ـی 01ـی 2023 تاوتوێ کرا .

‎سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکاندا، هەستمان بەوە کرد کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

‎سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە سەر چەندین بابەتی پەیوەندیدار، لەوانە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵ، ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و چەندین بابەتی دیکە، گفتوگۆمان کردووە و گەیشتووینەتە چەند لەیەکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

‎بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی و دوا بەرەوپێشچوونی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە کاتی سەردانی شاندی باڵای هەرێم بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە 11ـی 01ـی 2023 بۆ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێم، کە لە لایەن کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

‎لە بڕگەی سێیەمدا، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی یەکەم خستەڕوو.

‎سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە، دووپات کردەوە.

‎دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە تێکڕای دەنگ ڕاپۆرتەکەی پەسەند کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.