Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 14:41

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت زانیاری لەبارەی دامەزراندنی پاسەوانانی سنوور دەدات

کوردستان TV
100%

نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە بەغدا زانیاری لەبارەی دامەزراندنی پاسەوانانی سنوور دەدات و ڕایگەیاند، ئەو شەش ھەزار کەسەی بۆ پاراستنی سنوورەکان دادەمەزرێنرێن، هاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەبن و دوای پەسەندکردنی بودجەش پرۆسەی دامەزراندنیان بەڕێوەدەچێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی 01ـی 2023 وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندبوو، شەش ھەزار پۆلیس بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان دادەمەزرێن، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەییی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لەمبارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەو شەش ھەزار کەسەی وەزیری ناوخۆی عێراق ئاماژەی پێ کردووە وەک پۆلیسی سنووری دادەمەزرێنرێن، هاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان دەبن و ئەرکی پاراستنی سنووریان پێ دەسپێردرێت.

ڕاشیگەیاند: پڕۆسەی دامەزراندنیان دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بەڕێوە دەچێت و لەوانەیە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بگرێتەوە، بەڵام پشکی شێری بەر ھاووڵاتییانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت و وەک پۆلیسی سنووری دادەمەزرێن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت هەروەها باسی لەوە کرد کە "چەندین جار وەزیری ناوخۆی عێراق و بەرپرسانی ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەردانی سنوورەکانیان کردووە و بڕیارە تاوەکو دوا خاڵی سنووری بنکەی چاودێری و پاراستنی سنووری جێگیر بکرێت و سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر کۆنتڕۆڵ بکرێن."

 نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە بەغدا ئاماژەی بەوەش دا کە "ھەماھەنگیی زۆر باش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و نەھێشتنی کێشەکانی سەر سنوور، چەندینجاریش شاندی ناوخۆی ھەرێم سەردانی بەغدای کردووە و شاندی حکوومەتی عێراقیش سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ دروستکردنی ھەماھەنگیی باش.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.